"سیستمی نوێی موچە گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت"

بڕیارە مانگی داهاتوو پێداچوونەوە بە سیستمی نوێ موچەی فەرمانبەراندا بكرێت‌و پێدانی موچەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش پێشبخرێت.

لەمبارەیەوە جەلال كەریم، بریكاری وەزیری ناوخۆ بە سپی راگەیاند" لەكۆبوونەوەكەی ئەمرۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی و لیژنەی ئیدارەدانی قەیران بەڕێوەچوو، ئێمه‌ تێبینی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕیانه‌ خسته‌ روو که‌ له‌بڕیاری پاشه‌که‌وتکردنی مووچه‌ی هێزه‌کانی ناوخۆدا هه‌یه‌،  لیژنه‌که‌ پێیان راگه‌یاندنین كە مانگی داهاتوو پێداچوونەوە بەو خشتەیەدا ده‌كرێت‌و لەبەر رۆشنایی ژیان‌و گوزەرانی ئەمڕۆو پێدوایستیه‌کانی ژیانی هێزه‌کانی ناوخۆو ئیشوکاره‌کانیان که‌ هاوشانی کاره‌کانی پێشمه‌رگه‌یه‌ ده‌ستکاری ده‌کرێن".

بریکاری وه‌زیری ناوخۆ وتیشی" واده‌ی دابه‌شکردنی مووچه‌ی هێزه‌کانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێشده‌خرێت".

ئه‌مڕۆ  لیژنەی ئیدارەدانی قەیرانی حکومه‌تی هه‌رێم به‌به‌شداری نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ و بریکاره‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ی هێزه‌ جیاجیاکانی پۆلیس کۆبونه‌وه‌.

PM:02:18:09/02/2016