لەشەڕ‌و پێكدادانێك لە جزیرە بە دەیان كەس كوژران

لەشەڕو پێكدادانێك لەنێوان هێزەكانی توركیا‌و هێزەكانی سەر بەپەكەكە لەجزیرە لەباكوری كوردستان روویدا بەدەیان كەس كوژراون.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئەڵمانیا، سوپای توركیا دوێنێ دوشەممە رایگەیاند لەشاری جزیرە لە باكوری كوردستان 60 ئەندامی پەكەكە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لەپەكەكە ژمارەی كوژراوەكانیان بە 10 كەس راگەیاندوە كە لەنێویاندا منداڵیش هەیە.

فەیسڵ ساری یڵدز، نوێنەری هەدەپە لەشاری جزیرەوە بە هەواڵنێری ئەڵمانیای راگەیاند كە نزیكەی 9 كەس لەئاگركەوتنەوەیەك لە بینایەك لەگەڕەكی جودی گیانیان لەدەستداوە كە بیناكە لەلایەن هێزەكانی سوپای توركیا كراوەتە ئامانج.

بەوتەی ئەو نوێنەرەی هەدەپە، هاوكات مێرمنداڵێك لەناو ماڵەكەی خۆیدا بە گوللەی هێزەكانی توركیا گیانی لەدەستداوە.

كەناڵی (TRT) توركی رایگەیاند لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سوپای توركیا لە گەڕەكی جودی لەشاری جزیرە سەر بە پارێزگای شرناخ، 8 ئەندامی پەكەكە كوژراون.



PM:03:30:09/02/2016