سپی ناوی ئەو کۆمپانیانە بڵاودەکاتەوە قەرزی حکومەتیان لایە

سپی بەبەڵگە ناوی ئەو کۆمپانیانە بڵاودەکاتەوە کە ماوەیەکی زۆرە قەرزی حکومەتیان لایەو نەیانگەڕاندۆتەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەپێی بڕیارێک لەکۆتایی مانگی شوباتدا موڵکەکانیان دەخەنە موزایەدەوە.

بەپێی ژمارەیەک بەڵگەنامە کە دەست سپی کەوتووە، لەنێو ئەو بەڵگانەدا بڕیارێکی سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانی تێدایە بەپێی ئەو بڕیارە کە ١٠-١-٢٠١٦ دەرچووەو پشتی بە یاسای ژمارە ٥٦ ی (تحصیل الدیون الحكومیە ) ساڵی ١٩٧٧ ی هەموار کراو بەستووە، داوا لە" سەرجەم ئەو کۆمپانیاو کەسانەی بەهەر شێوازێک قەرزی بازگانیان لەبانکە بازرگانییەکانی گشتی وەرگرتووەو، ماوەی دانەوەیان بەپێی گرێبەستی قەرزەکە بەسەرچووە، پێویستە لەماوەی ٣٠ رۆژ دوای ئاگادار کردنەوەیان لەلایەن بانکی پەیوەندیدارەوە، بڕی تەواوی قەرزەکان و هەموو ئەو سوودانەش کەهاتۆتە سەری بەگڕێننەوە".

لە بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە " بەپێچەوانەوە ئەو موڵکانەی ئەو کۆمپانیایانە وەک رەهن و زەمانەتی قەرزەکان نیشانەیان لەسەر دانراوە، بەزیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێن و رێکاری یاسایی پێویست دەگیرێتە بەر".

 سپی پەیوەندی کرد بە پەرلەمانتار گۆران ئازاد, بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو لای خۆیەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەدوای ئەو دۆسییەدا رۆشتووە تا رۆژی ٢/١١ هیچ کۆمپانیایەک قەرزەکەی نە‌گەڕاندۆتەوە.

ناوبراو وتیشی " کۆتایی ئەم مانگە ئەو وادەیەی سەرۆکی حکومەت دایناوە بۆ کۆمپانیاکان تا قەرزەکان بگەڕێننەوە تەواو دەبێت، پێویستە حکومەت رێوشوێنە یاساییەکانی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات".
تێبنی: 
* هەندێک لەو قەرزانە کۆمپانیاکان بڕێکیان لێدراوەتەوە، بەڵام ئەو بڕە زۆر کەمە، هاوکات زۆریان هیچ بڕێکیان نەداوەتەوە.
* بەپێی ئەو زانیاریانەی لای سپییە تێکڕانی قەرزەکان ٧٢١ ملیار دیناری عێراقییە.







 



PM:10:31:13/02/2016