ماڵپەڕو فەیسبووکەکانی سپی کرانە ئامانجی هاککاران

شەوی رابردوو ٢٩-٢-٢٠١٦ ماڵپەڕو فەیسبووکەکانی سپی میدیا کرانە ئامانجی هاککاران و، لە ئەنجامدا چەند پەیجی سپی و پەیج و ئیمەیڵی سەرنوسەری (سپی) هاککران.

لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئەلکترۆنییەدا: پەیجی سپی نیوز و، سپی سپۆرت و، پەیجی سەرنووسەری سپی، شوان محەمەد کە ئەویش هەر تەرخان کرابوو بۆ سپی و، ئەکاونت و فەیسبووکی شەخسیشی ناوبراو هاککران و ئەدمینی پەیجەکان سڕرانەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ماڵپەڕی سپی لە کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردووە راوەستاوەو رووماڵی هیچ بابەتێکی رۆژنامەوانی نەکردووە.

دوای بەردەوام پشکنین و لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی هاککردن و کاتی هاک کردنەکەو بکەرانی ئەو هێرشە، بۆ تیمی هونەری سپی ئاشکرا بوو کە هاککارەکە لە هێڵیکی ئینتەرنێتی فەرمی ناسراوی هەرێمەوە کاری لەسەر هاککردنی سپی کردووە، هاککارەکەش کە ژمارەی تەلەفونەکەی لای سپی زانراوە لەناو هەولێرەوە ئەو دەستدرێژییەی ئەنجام داوە.

ئێمە لە سپی میدیا هیچ بەدووری نازانین هاککەران سەر بەحیزبەکانی کوردستان بن کە ژمارەیەک لەو حیزبانە تیمی تایبەتیان بۆ ئەو بوارە نا یاساییە هەیەو لەسەر سامان و موڵکی گشتی پەروەردە دەکرێن و فێری پێشێلکارییان دەکەن دژی ماڵپەڕە فەرمییەکان و ژیانی شەخسی ستاڤی ناو ئەو میدیایانە.

ماڵپەڕی سپی میدیا، ئەم هێرش و هاککردنە بەبەشێک لەو دەستدرێژی و پێشێلکارییانە دەزانێت کە بەدرێژایی چەندان ساڵە دەکرێتە سەر میدیای ئازاد و ئامانجەکەشی بەو مەبەستەیە کە هاوڵاتیانی کوردستان بێ بەشبن لە دەستکەوتنی هەواڵ و زانیاری لەسەرچاوەی سەربەخۆو، ئەم هێرشانەش بەشێکن لەو تیرۆرەی بەشێوەی جیاجیا بەدرێژایی چەندان ساڵە لەدژی میدیای ئازاد لەکوردستاندا پیادە دەکرێت و، ئەمەی (سپی)ش دەچێتە سەر ئەو لێشاوە پێشێلکاریەی بەرامبەر میدیاکان دەکرێن.

تیمی هونەری سپی میدیا جگە لەوەی توانیویەتی ئیمەیڵ و فەیسبووکە شەخسیەکان لە چنگی ئەو هاککرانە رزگار بکات، هاوکات لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەیسبووک بەمەبەستی گەڕانەوەی پەیجەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، تا ئەو کاتەش خوێنەرانی سپی ئاگادار دەکەینەوە کە دەتوانن بە ڕاستەوخۆ سەردانی ماڵپەڕی speemedia.com بکەن.

هاوکات خوێنەران و بەشداربووانی پەیجەکانی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاگادار دەکەینەوە کە هەر بابەتێکی نەشیاو لە کاتی هاککردنەکەوە لە پەیجەکانی ئێمەوە (پەیجی سپی میدیا و سپی سپۆرت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک) بڵاوکرابێتەوە سپی لێی بەرپرس نیە تا ئەو کاتەی لە لایەن تیمی هونەری بۆمان دەگەڕێنەوە.

داوا لە میدیاکان و خوێنەرانی بەڕێز "سپی" دەکەین ئەم زانیارییانە لە ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکەنەوە.





ئه‌م بابه‌ته ‌1614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:16:01/03/2016