"دەبێت ڕێگرییەکانی نێوان باشورو خۆرئاوا هەڵبگیرێت!"

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، سەردانی بارەگای نوێنەرایەتی خۆرئاوای كوردستانی كرد لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد "پاڵپشتی رۆژئاوا بكرێت و ئەو رێگریانەش هەڵبگیرێن كە لەنێوان باشور و خۆرئاوای كوردستاندا دروستكراون".

لەو سەردانەدا د. یوسف محەمەد وتی" بەداخەوە دەبیستین لەگەڵ راگەیاندنی فیدراڵی لە رۆژئاوا سنورەكان لە باشورەوە داخراون، دەبێت سەركەوتنی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان دڵخۆشمان بكات، نابێت لە بری پشتیوانی دژایەتی یەکتر بکەین".

 ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان لەو سەردانەدا یاوەری سەرۆكی پەرلەمانی کوردستانیان دەکرد.

لای خۆیەوە شێرزاد ئێزدی، لە نوێنەرایەتی خۆرئاوای كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی كرد و وتی"ئەم پشتیوانیانە بایەخی گەورەیان هەیەو پشتیوانی پەرلەمان لە هەرێمی فیدڕاڵی خۆرئاوا پەیوەندی نێوان باشوور و خۆرئاوا پتەو تر دەکات".



PM:05:44:19/03/2016