ئەمەریكا وەڵامی بارزانی دەداتەوە: پەیەدە تیرۆریست نیە

حکومەتی ئه‌مەریكا له‌ وه‌ڵامی مه‌سعود بارزانیدا ده‌ڵێت: په‌یه‌ده‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی نیه‌ و بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو پارتە بۆ شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش.

مارك تۆنه‌ر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ وه‌ڵامی مه‌سعود بارزانی، كه‌ وتبووی په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ وه‌ك یه‌كن، رایگەیاند: ئەو دو پارتە وەک یەک نین و هاوکاری ئەوان لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە وەک هێزێکی کاریگەری دژی داعش لە باکوری سوریا بەردەوام دەبێت.

راشیگەیاند: سەرەڕای هەندێک جیاوازیان لەگەڵ ئەو پارتە، بەڵام پەیەدە بە تیرۆریست نازانن و لە هاوکارییەکانیان بۆ روبەڕوبونەوەی داعش بەردەوام دەبن.

پێشتر مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سایتی (ئەلمۆنیتەر) رایگەیاندبو: پەکەکە و پەیەدە یەکن و هه‌ر پشتیوانییه‌ك بۆ په‌یه‌ده‌ ده‌بێته‌ پشتیوانی بۆ په‌كه‌كه‌ و داواشیکردبو  په‌كه‌كه‌ له‌شه‌نگال بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

لەو چاوپێکەوتنەیدا بارزانی، هەمان وتەی بەرپرسانی تورکیای سەبارەت بە پەیەدە و پەکەکە دوبارە کردبوەوە و ئەو دو پارتە کوردییە بە تیرۆرست ناودەبەن.

هەروەک بارزانی باسی هەڵوێستی ئەردۆغانی کردبو سەبارەت بە پرسی کورد و پێیوابو ئەو تێگەیشتنی باشتری بەرامبەر پرسی کورد هەیە.



PM:02:58:24/03/2016