بان کیمۆن داوا دەکات بەغداو هەرێم رێکبکەون

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پێنج مەرج دەستنیشانکردووە بۆئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی هاوکاری عێراق بکات.

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ٢٦ی ئازاری ٢٠١٦ لە سەر لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرایکردووە "کورت و پوخت بانکیمۆن باسی لەوەکرد کە ئەوان لەم دۆخەدا ئامادەن بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو ئاستەکان یارمەتی عیراق بدەن، بەڵام بە ڕوونی پێنج مەرجی دیاریکردووە ، بێگومان ئەو وەک تەحەددی باسیکردن نەک مەرج بەڵام ڕوونبوو کە مەرجی هاوکاریان بۆ عێراق پێنج خاڵە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان پێنج مەرجەکە ئاشکرا دەکات " دەستکردن بە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا .رێزگرتنی عێراقیەکان لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەولەتیەکان لەکاتی ئازادکردن و دوای ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی داعش و پاراستنی یاسا دەولیەکانی شەر و مامەلەکردن بە یاسا .هەوڵی هەمەجۆر کردنی سەرچاوەی داهات بدرێت و بە جدی محارەبەی فەساد و گەندەڵی بکرێت. مەسەلەی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە تیکرای ناوچەکانی عێراق و هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاسایکردنەوەی ناوچەکان بۆ گەرانەوەی ئاوارەکان.هەولێر و بەغداد رێکبکەون و بگەنە نەتیجەیەک کە بەیەکەوە کاربکەن و ئیتیفاق بکەن ".

ئەمڕۆ بان کی مۆن سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و سەرۆکی بانکی ئیسلامی سەردانی عێراقیان کردوو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و چەند بەرپرسێکی تری عێراق کۆبوونەوە.



PM:09:14:26/03/2016