د. یوسف: ئێستا كەسێك نابینم بەشێوەیەكی شەرعی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمدا بێت
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: " ئەم دۆخەی ئێستا هەرێمی پێدا دەگوزەرێت لەڕووی سیاسیو ئابووری دەرخەری ئەوەیە، لەسیستەمی حكومڕانی ئێمەدا، كەسی شیاو لەشوێنی شیاودا نییە".
لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی "نیقاش"دا، د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر هەڵوێستەكانی لە"دیداری سلێمانی"و دۆخی سیاسیو ئابوری كوردستان دەكاتو رایگەیاندووە، دیداری سلێمانی دیدارێكی ئێجگار گەورەیە، خوازیار بووین لەكەشێكی ئارامو لەگفتوگۆیەكی ئارامدا گفتوگۆی بابەتەكانی سەر ئاستی كوردستانیش بكرێت، بەداخەوە ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو بەو شێوەیە نەكرا.
وتوشیەتی: "سەبارەت بەحكومڕانیو چاكسازی، لەڕاستیدا پێویستی بەپلانە، پێویستی بەبوونی تایبەتمەندیی هەموو ئەو بوارانەیە كە حكومڕانی پێویستییەتی، ئابووریو یاساو سیاسەت بوارەكانی تر، خۆ ئەگەر كەسێك شارەزایی لەمەش نەبێت پێویستە راوێژكاری تایبەتمەندیان هەبێت، كە شارەزایی پەیدا بكەنو راوێژیان بدەنێ. ئەم دۆخەی ئێستا هەرێمیشی پێدا دەگوزەرێت، لەڕووی سیاسیو ئابوورییەوە دەرخەری ئەوەیە، كە لەسیستەمی حكومڕانی ئێمەدا، كەسی شیاو لەشوێنی شیاو نییە، بەڵكو بەداخەوە كۆمەڵێك پێوەری تر هەیە، كە ئێستا پێوەری بنەماڵەیی زیاتر زاڵە بەسەر كۆی پێوەرەكانی تر لەهەرێمی كوردستاندا".
دووپاتیشیكردۆتەوە، كە نابێت هەرێمی كوردستان بەو حاڵە بڕوات، كە كەس ئاواتی پێ ناخوازێتو كەسیش بەرپرسیاریەتییەكەی هەڵناگرێت.
لەبارەی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباری دەكەن بەوەی بۆتە هۆكاری تێكدانی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت: "پێشتر چەند جارێك پارتی دیموكراتی كوردستانو بارزانیشی روبەڕو پێیانوتوم ئەدات لەپەرلەمان زۆرباشە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، كە ئێمە بێ لایەنانە كارمان كردووە، ئەوەی تر پەیوەندی بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هەیە، بۆ ئەم پرسەش ئێمە هەوڵی زۆرماندا، كە كێشەكەی بەگفتوگۆ لەنێوان فراكسیۆنەكاندا بەڕێوەبچێت، بەداخەوە ئەمە نەكراوە، ئێستاش هیچ لایەنێكی سیاسی ناتوانێت بەڵگەیەكی هەبێت كە ئێمە بۆ هەموو پرسەكانی ناو پەرلەمانو بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمیشەوە لەدەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆو یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان كارمان كردبێت، ئەمە پەیوەندی بەوە هەیە، كە پارتی خۆی بەزەرەرمەند دەزانێت لەو یاسایەی پەرلەمانتاران ئامادەیان كردووە، خۆ من ئامادەم نەكردووە...ئەوەی پەیوەندی هەیە بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندی بە بەرژەوەندی حیزبێكی دیاریكراوەوە هەیە، بۆیە بەو ئاقارە برا".
د.یوسف محەمەد راشكاوانە دەڵێت: "بگەڕێمەوە هەولێرو یان نەشگەڕێمەوە، ئێستا كەسێك نابینم بەشێوەیەكی شەرعی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمدا بێت، كاتێكیش كەسێك نییە بەشێوەیەكی شەرعی وەك سەرۆكی هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بكەم، بەدڵنیایەوە یەكێك لەهەنگاوەكانی پەرلەمان ئەگەر بگەڕێینەوە هەولێر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت، لەسەرەتاوە بەگفتوگۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكان دوایی رێكارە یاسایەكانی لەپەرلەمانی كوردستان".
هەروەك وتویەتی: "قەت حەزم نەدەكرد بارزانی، كە یەكێكە لەسەركردە میژووییەكانی گەلی كوردستانو بەهەموو چاكیو خراپییەكانیەوە سەرۆكی هەرێم بووە بۆ ماوەی دە ساڵو یەكێكە لەسەركردەكانی وڵاتەكەمان، بكەوتایەتە ئەم دۆخەوە، ئێستا وا خۆی وێنا دەكات، كە موتەمەسیكە بەكورسییەوە، بەڵكو خوازیاری ئەوە بووم لەناو گەلی كوردیش ماندێلایەكمان هەبوایەو جۆرج واشنتۆنێكمان هەبێت، كە خۆی واز لەدەسەڵات بهێنێت، بارزانی ئەگەر لەكاتی خۆیو لەدوای تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتییەكانی بهاتایەو دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتی بكردایە، ئەوە دەبووە مێژوو بۆ خودی خۆیشیو هەرێمی كوردستانیش، تەنانەت دەبووە پەندیش بۆ ئەوانەی دوای خۆی دەبنە سەرۆكی هەرێم، چونكە بارزانی یەكەم سەرۆكی هەرێمە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی نەكرد، كە ئێستاش نەچووەو بچێت دەتوانێت بیكات".
بەپێویستیشی دەزانێت بارزانی رێگە بدات یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو سەرۆكێكی نوێ لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، وەك چۆن لەخولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی بارزانی خۆی لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرا، هەروەها وادەی دوو ساڵیشی لەپەرلەمانەوە بۆ درێژكرایەوە.
PM:03:45:31/03/2016