یەكێتی: پلانەكانی سوپای عێراق بۆ داعش ئاشكرا دەكرێت

لێپرسراوی كۆمێتەی مەخموری یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات لەناو سوپای عیراقدا سیخوڕی داعش هەیە و پلانەكانی سوپا بۆ داعش ئاشكرا دەكەن ئەمەش رێگرە لە بەرەو پێشچوونەكانی سوپا.

رەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی كۆمێتەی مەخموری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاندووە:  ئەو هێزەی كە هێنراوە بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ %15 بۆ %20 عەرەبی سونەن، بەڵام هیچ متمانە بەسوپای عیراق و عەرەبی سونە نەماوەو لە ئێستاشدا لەو رێژە كەمەی سونە كە بەشداری گرتنەوەی موسڵی پێكراوە، سیخوری تێدایە، كە زانیاری دەداتە چەكدارانی داعش و رێگرن لەبەرەو پێشچوونەكانی سوپای عیراق.

گەڵاڵی روونی دەكاتەوە ، كە بەدڵنیاییەوە لەناو ئەو هێزەی كە بەشداری ئازادكردنەوەی موسڵی پێكراوە سیخور هەیە لەبەر ئەوەی شەقامی سونە بە پاڵپشتی توركیاو عەرەبستانی سعودیە هەمیشە دژی شیعە بوون، هەر بۆیە ئەوەیان بەهەل زانیوەو لەو رێژە كەمەی سوونە كە بەشداری گرتنەوەی موسڵن ژمارەیەك سیخوریان تێكردووە، كە ئەوەش بەردەوام كار بۆ چەكدارانی داعش دەكەن دژی سوپای عیراق و ناهێڵن هیچ جۆرە بەرەو پێشچوونێكی بەرچاو رووبدات، بەهۆی پێدانی زانیارییە سەربازییەكان و ئاشكراكردنی پلانەكانی سوپای عیراق.

لێپرسراوی كۆمێتەی مەخمور دەشڵێت: دۆزینەوەو تۆمەتباركردنی سەربازە سیخورەكانی سوونەكان كارێكی ئەستەمە لەبەر ئەوەی بەهەمان شێوەی ئەوان لەسەنگەردان دژ بە تیرۆرستانی داعش.



AM:11:44:02/04/2016