ئەبوبەكر هەڵەدنی وەڵامێكی توندی ئومێد خۆشناو دەداتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان وەڵامی لێدوانێكی ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەداتەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك دەنوسێت "هەرچەندە چاوەڕێ نەبوم تۆ وەڵامم بدەیتەوە وە ك دوو هاوپیشە كە لە نزیكەوە باش یەكتر دەناسین و زۆرمان بەیە كەوە ماوە، بەڵام وەك ئەتواری خۆت یان ڕاسپێراوی بە هەق و ناهەق خۆت نمایش دەكەی، من بەو زمانەزبرو ناشارستانیەی تۆ نادوێم، چونكە لە قوتابخانە و فێرگەی یەكگرتوو وانەی ئەدەب و ڕێزی بەرامبەرمان خوێندووە، بە زمانێكی هاوڕێ یانە هەندێ دەستەواژەت بۆ ڕاست دەكەمەوە".

هەڵەدنی دەڵێت "سەرەتا خۆشحاڵم لەدورونزیك نەچویتە ناوەڕۆكی بابەتەكەی كە نوسیومە دەربارەی ئەو غەدرانەی لەیەكگرتووتان كردووە، چونكە وەڵامتان پێ نییە، ئەم ووتارەم لەهەڵچونەوە نەنوسیوە، بەڵكو پاڵنەرم ئەو ناهەقی و زوڵم و ستەمەیە كە لە كەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكرێ، بەڵام بڵێم چی تۆ هەست بەئازارەكانیان ناكەی".

هەروەها دەڵێت "ئەگەر بەدەستەواژەی ۳۱ئاب قەڵس بوی، ئەوە حەقیقەتی مێژووە و جەنابت و دەیان سەركردەی تر نەتان شاردۆتەوە شانازی پێوە دەكەن، ڕاستە من لەشۆڕشی ئە یلول لەدایك نەبوم، بەڵام كوڕی پیاوێكم تا ئاشبەتاڵ چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی لەشان بوە لە هێزی ڕزگاری و دواتر بڕنەوەكەی شكاند تادەستی بەعس نەكەوێ".
 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاماژە بەوەش دەكات "بەداخەوە هەمیشە لە بەرامبەر ڕەخنەی جدیەوە تۆمەتی جاشایەتی و پاشكۆیەتی ئامادەیە، لەبیرت چۆتەوە بەندە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكگرتووم، ئەم پۆستانەم بە فەزڵی خوا و متمانەی هاوسەنگەرەكانم دەستكەوتوە، نەك بە چەپڵە و ئیف".



PM:02:32:13/04/2016