بارزانی و بایدن باسی دوای داعشیان کرد

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جو بایدن سەردانی هەرێم دەکات و لەگەڵ بارزانی باسی قۆناغی دوای داعش دەکات.

لە شاری هەولێر شەوی رابردوو بارزانی پێشوازی لە جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كۆلین كاڵ ڕاوێژكاری جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاساییشی نەتەوەیی جەنەڕاڵ سەن مەكفارلەند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و مەتیوس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و ڕاوێژكاری سیاسی.

بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم "لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوا پێشهات و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا كرا و چۆنییەتی هەماهەنگی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی داعش و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ".


تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە لەبارەی پەیوەندییەكان و فراوانتركردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا بوو و باسی ئەوەیش كرا كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا بن.



AM:10:21:29/04/2016