یەكێتی: حكومەت تەنها حكومەتی پارتییە‌و ریفراندۆمیش بە قسەی قۆڕ ناكرێت

یەكێتی‌و گۆڕان بەشداری رێوڕەسمێك بەناوی (بەڵێ بۆ ریفراندۆم) ناكەن كە لەلایەن پارتییەوە سازدراوە‌و بەرپرسێكی یەكێتیش دەڵێت: ریفراندۆم بە قسەی قۆڕ ناكرێت.

ئەمرۆ لە قەزای سۆران رێوڕەسمێك بەناونیشانی (بەڵێ بۆ ریفراندۆم بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ لە یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارییان تێدا نەكرد.

لەوبارەیەوە سیروان كوێخا نەجم، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی بە میدیاكانی حیزبەكەی رایگەیاند: بەڵێ بانگهێشتكراین، بەڵام بەشداریمان نەكرد، چونكە پارتی هەموو پرسێكی بە حیزبی كردوە‌و حكومەتیش تەنها حكومەتی پارتییە نەك هەموو كورد.

وتیشی: ریفراندۆم بەقسەی قۆڕ‌و قسەی زل نابێت، پارتی ناتوانێت ناماڵی كورد رێكبخاتەوە ریفراندۆمی چی دەكات، بۆیە ئێمە ریفراندۆم بەم شێوەیە ‌و كردنی بە حیزبی بە گاڵتەجاری دەزانین، بۆیە بەشداری ئەو رێوڕەسمەمان نەكرد.



PM:04:39:26/05/2016