هۆشیار عەبدولآ: کۆبوونەوەی شەوی رابردوومان لەگەڵ عەبادی هیچی لێ سەوز نەبوو

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند" ئەوان بەبڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان چوونەتەوە بەغداو کۆبوونەوەی شەوی رابردووشیان لەگەڵ عەبادی هیچی لێ سەوز نەبوو".

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ سپی، هۆشیار عەبدولآ رایگەیاند " کۆبوونەوەی دوێنی شەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی هیچ بۆ کورد لێ سەوز نەبوو".

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" پێشنیاری ئەوەم کرد کە سەرۆکی وەزیرانی عێراق دەستپێشخەریەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، ئەو تەنها وتی هەوڵدەدەین دەستبکەینەوە بە گفتۆگۆکانی نێوانمان".

سەبارەت بەپارەی جوتیارانی هەرێم، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی" پێشتر چەندجاریک حەیدەر عەبادی بەلێنی داوە موستەحەقاتی ٢٠١٤ ی جوتیارانی کوردستان بنێرێت، بەلآم جێبەجێی نەکردووە، ئەمجارەش خستیە مانگی تەموز، کە رەنگە وەک بەڵێنەکانی تری بێت و جێبەجێی نەکات".

وەفدی یەکێتی و پارتی و گۆڕان چوونەتەوە بۆ بەغداو بڕیاریان داوە بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بکەن، بەلآم هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتیان کردووە، هۆشیار عەبدولآ لەمبارەیەوە دەڵێت" ئێمە بەبڕیاری گۆڕان گەڕاوینەتەوە بۆ بەغدا، کۆتایی هەفتەی رابردوو گۆڕان فراکسیۆنەکەی سەرپشک کرد کە خۆیان بڕیار بدەن، بەلآم ئەمە هەفتەیە لەگەڕاندنەوەماندا ئەو بڕیارە شکێنراو بزووتنەوەکە ئێمەی ناردەوە بۆ بەغدا لە کاتێکدا بڕیاری فراکسیۆن ئەوەبوو کە ئێمە جارێک پەلە نەکەین لەگەڕانەوەو کۆتایی هەفتە بگەڕێیننەوە". 

شەوی رابردوو حەیدەر عەبادی لەگەڵ ئارامی شێخ محەمەد و ئالآ تاڵەبانی و هۆشیار عەبدولآو تاریق گەردی کۆبوەوە، هەرچی ئەحمەدی حاجی رەشیدو موسەنا ئەمینە بایکۆتیان کرد.






PM:01:00:29/05/2016