سەرۆك كۆماری ئێران: ئێمە هەولێرمان لەداعش پاراست

حەسەن رۆحانی لە وتەیەكدا لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند كە ئێران هەولێری لە هێرشی داعش پاراست.

حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی سێشەممە 31-5-2016 گەیشتە مەهاباد و لە یاریگای ئازادی ئەو وڵاتە وتی: "هیچ کەس بۆی نییە جیاوازی لەنێوان مەزهەب و رەگەزەکان بکات، لەبەر ئەوەی لە ئێراندا شایستەبوون بنەمایە نەک رەگەز و مەزهەب".

رۆحانی هەروەها باسی لە جێبەجێكردنی مادەی 15ی دەستوری ئێران سەبارەت بۆ كردنەوەی ناوەندی خوێندن بە زمانی دایكی لە پارێزگاكانی كوردستان، ئازەربایەجانی رۆژئاوا‌و رۆژهەڵات‌و ئەردەبیل‌و باقی پارێزگاكان كرد.

وتیشی كە تەواوی موسڵمانان چ شیعە‌و چ سوننە مافی هاوڵاتی یەكسانیان هەیە. ئەمەش لەكاتێكدا تا ئێستا رێگە بە سوننەكانی تاران نەدراوە مزگەوتێكی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

شارەزایەكی سیاسی سەبارەت بە وتەكانی رۆحانی لە مەهاباد‌و سەردانەكەی بۆ شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت ئەمە سەردان‌و وتارە حەماسییانە تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارە كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت‌و رۆحانی یەكێك دەبێت لە كاندیدەكان.

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەرۆژی دووشەممە 30-5-2016 سەردانی پارێزگای ورمێی کرد و لە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ مەهاباد پرۆژەی(کۆمەڵگای پترۆکیمیایی مەهاباد)ی کردەوە.





PM:01:42:31/05/2016