"گەشتی دەرەوەی وڵات لەنەوشیروان مستەفا قەدەغە دەكرێت"

ماڵپەڕی باسنیوز لەزاری ئەندامێكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بڵاویدەكاتەوە كە دوور نیە گەشتی دەرەوەی وڵات لە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان قەدەغە بكرێت.

مازن هادی، پارێزەر و ئەندامی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بەو ماڵپەڕەی نزیك لەپارتی ڕاگەیاندوە: "ئەگەر بڕیاری دادگا هەبێت، ئەوا نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ناتوانێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات تا ئەو بابەتە یەکلایی دەبێتەوە”. گوتیشی: "تائێستا نازانین لەو بڕیارەی بۆ نەوشیروان مستەفا دەرچووە، گەشتی لێ قەدەغە کراوە یان نا، بەڵام داوای لێکراوە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ئامادە بێت".

ڕوونیشی کردەوە، داواکاری گشتی دۆسیەکەی بۆ دادگای لێکۆڵینەوە ڕەوانە کردووە، بۆیە: "دەبێت ئەوان بڕیار لەسەر بابەتەکە بدەن".



PM:05:58:01/06/2016