سكاڵا لەسەر سێ پەرلەمانتاری یەكێتی، گۆڕانو یەكگرتوو تۆمار دەكرێت
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر سێ پەرلەمانتاری گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو تۆمار دەکات.
لە روونکردنەوەیەکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە رۆژی پێنجشەممە 9-6-2016 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە" دوای ئەوەی هەرسێ پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح- شێرکۆ جەودەت- عیزەت سابیر هەڵسان بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک لەبارەی داهاتی نەوت کە پڕبوو لە زانیاری هەڵە و نادروست و بێ بەڵگە و بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتمان بەمەبەستی روونکردنەوە، وەزارەتمان بەپێویستی زانی ئەم پرسە لە رێگەی یاسا یەکلایی بکاتەوە و راستی بابەتەکە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان لە رێگای دادگا ئاشکرا بکات".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەروەها رایدەگەیێنێت: "بۆ ئەم مەبەستە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەرسێ پەرلەمانتاری ناوهاتوو لەسەرەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر نووسراوێکی ئاراستەی پەرلەمان کردووە بە مەبەستی ئامادەبوونی هەرسێکیان لەبەردەم یاسا و دادگا بۆ سەلماندنی راستی یادداشتەکە".
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا دەکات کە ئەم سێ پەرلەمانتارە لە پەنای پارێزبەندی(حصانە) چیتر خۆیان حەشار نەدەن و ئەگەر خۆیان بە راست دەزانن ئەم بابەتە لە بەردەم یاسا و دادگا یەکلا بکەنەوە.
PM:04:15:09/06/2016