تەڤدەم: پارتی و میتی توركیا بۆ دژایەتیكردنی رۆژئاوا كۆبوونەوە دەكەن و گروپ كۆدەكەنەوە

تەڤدەم، رایدەگەیەنێت پارتی و ئەنەكەسە و ئاكەپە و میت لەسەر دژایەتی كردنی شۆرشی رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە دەكەن و هەندێك گروپیان كۆكردووەتەوە كە سیخوڕی توركیان.

بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک (تەڤدەم) لە بەیاننامەیەكدا ئەو كۆبوونەوەیە بە  استفزاز و سوك وەسف دەكات و رایدەگەیەنێت خزمەت بە پیلانێكی چەپەڵ دەكات و دەشڵێت: پارتی بۆ هەرەس پێهێنانی شۆرشی رۆژئاوا هەموو شتێك دەكات، بەڵام گەلی كورد ئەمانە لەبیر ناكات.


لە بەیاننامەكەی  تەڤدەمدا هاتووە: گەلی ئێمە لە بەرامبەر هێزەكانی رژێم، ئەل نوسرە، چەتەكانی داعش لە تێكۆشانێكی بێ‌ پسانەوەدان، لەگەڵ هەموو بێ‌ ئیمكانێتی و نەبوونی بواری گونجاودا، بەروحێكی خۆبەخشانە بەرخۆدان پێشدەخەن. لەكاتێكدا كچ و لاوانی  گەلی كورد ، عەرەب، ئاشوری ، سریانی و توركمان بۆ پاراستنی خاكی خۆیان گیان فیدایان دەكردو شوڕشگێر و سۆسیالیستەكان لە شوێنی جیا جیای جیهانەوە پەیوەندیان بە شۆرشی رۆژئاوای كوردستانەوە دەكردو بەقەرەمانی تێكەڵی كاروانی پاكرەوانان دەبوون، لە لایەكی تر لەبەرامبەرم ئەم قەرەمانێتیەدا كە بۆ مرۆڤایەتی بووە ئاواتێكی گەورە، هەندێك كەسی بێ‌ كەسایەتی، بێ‌ ناسنامە، بێ‌ بەش لە شەڕەف و ئازایەتی لەبەر ترس لە گیانی خۆیان دەكەوتنە هەوڵدان بۆ ئەوەی خاكی خۆیان، ئاوی خۆیان و گەلی خۆیان جێ‌ بهێڵن و را بكەن. هەندێك لەوان لەبەر بێ‌ بەش بوون لە شانازی نەتەوەی، هەندێك لەبەر نەزانی، هەندێك بۆ بەرژەوەندی و ژیانی شەخسی خۆیان، خاك و گەلی خۆیان بەجێ‌ هێشت  بۆ ویژدانی هێزەكانی دوژمنی مرۆڤایەتی داعش و نوسرەو رژێم.

تەڤدەم لە درێژەی بەیاننامەكەیدا  پارتی لەئەم كەسانە كە بۆ شۆرش بۆ شەڕەف و ئازادی هیچ بەدیلێكیان نەخستووەتە روو، نە دڵۆپێك خوێن لە پەنجەیان هاتووە نە ئارەق لە ناوچەوانیان رژاوە هێزێكی دروستكردووە بۆ ئەوەی شۆرشی رۆژئاوا هەرەس پێبهێنێت و چی پێویست بووە كردوویەتی.

تەڤدەم ئاشكراشی دەركەوت پارتی و ئەنەكەسەو میت لە باكوری كوردستان لە رەحا لەسەر دوژمنایەتی رۆژئاوا كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن ودیستان پیلان دەگێڕن.

روونیشی دەكاتەوە برایەكی مەشعەل تەمۆ بەناوی عەبدول عەزیز تەمۆ سەرۆكاری كۆبوونەوەكە دەكات، لەكاتێكدا مەشعەل تەمۆ دەستی لە شەهیدكردنی  رۆڵەیەكی هەرە تێكۆشەری گەلی كورد شەهید خەبات دێریكدا هەیەو لە سەرەتاوە سیخوری بۆ میت دەكرد، بۆیە بوونی برای خاینێكی لەو شێوەیە  نیشانی دەدات ئەو كۆبوونەوەیە خزمەت بە پلانێكی چەپەڵ دەكات.
تەڤدەم دەشڵێت: هەڵوێستی ئەم كەسانە كە بە شێوەیەكی رووقایمانە خۆیان وەك نوێنەری ئیرادەی شۆرشی رۆژئاوای كوردستان نیشان دەدەن هەڵوێستێكی استفزاز و سوكە.

تەڤدەم ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەوەی ئەو كۆبوونەوەی رێكخستووە میت و پارتیە. ئاكەپە كە لە قامشلۆ و نسێبین و جزیرەو بۆتان و سور كۆمەڵكوژی ئەنجام داوەو دەستی لە خۆێنی كوردا هەیە ئەم كۆبوونەوەی رێكخستووە. كۆبوونەوە لە توركیا ئەنجام دراوەو توركیاش هەموو رۆژێك خاكی رۆژئاوای كوردستان تۆپباران دەكات. ئەو كەسانەی لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون لەهەمان كاتدا پشتگیری لە هێرش بۆ سەر شێخ مەقسود دەكەن. بۆیە ئەو كەسانەی لەو كۆبوونەوەیدان لەبەرامبەر گەلی كورد وەك ئاكەپەو بگرە زیاتر تاوانبارو گوناحكارن.
دەشڵێت:  كاتێك بیر لە ئەنەكەس و پارتی تێكەڵ بوون لەگەڵ میت و ئاكەپە دەكەینەوە، نیشانی دەدات كە ئەوانە لەهەوڵدانێكی  چەپەڵ و بیسدان.

تەڤدەم تەئكیدیش دەكاتەوە گەلی ئێمە ئەم هاوكاریكردنە لەگەڵ ئاكەپەو ئەردۆگان هەرگیر لەبیر ناكات. لەهەر دەرفەتێكدا بێت وەڵامی ئەو كەسانە دەداتەوە كە لەبەرامبەر مێژوودا بێ‌ پەروان.بەڵام ئەم كەسانە هەرچەندە بێ‌ پەروا بن ، ئێمە بەرپرسیارێتی مێژووی خۆمان بۆ بونیادنانی  فیدرالیزمی دیموكراتی لە باكوری سوریا بەردەوام دەكەین



PM:02:08:12/06/2016