یەکێتی: سەرۆکایەتی هەرێم دابخەن هیچ پێویستمان پێی نییە و زیادەیە

نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنکەرە ئاماژە بۆئەوەدەکات بەندە پێم وایە دەزگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ پێویست نییە و دەزگایەکی زیادەیە.


بەهرۆز گەڵاڵی ، نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنکەر لە پیرۆزبای نامەیەکدا کەبەبۆنەی جەژنەوە بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەکردوە"هاوڵاتیانی کوردستانی ئازیز جەژنی ڕەمەزانتان لێ پیرۆز دەکەم ، هیوادارم خوای گەورە یەکێتی خاک و میللەتەکەمان بپارێزێت ، هەموان دەزانین لە سیستەمی دیموکراسی بیروڕا دەربڕین ئازادە ، بەندەش هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانی عێراقم و ئازادم چۆن بیردەکەمەوە ، بۆیە ئازادانە هەڵوێستی سیاسی خۆم دەردەبڕم".

ئاماژەی بۆئەوەشکردوە"بەندە پێم وایە دەزگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ پێویست نییە و دەزگایەکی زیادەیە ، تا ئێستاش نەیتوانیوە ببێتە ڕەمزو سیمبولی یەکێتی خاکی نەتەوەکەمان! وە مەسروفاتێکی زۆری هەیە و خەڵکیش نانی نییە بیخوات".

ئەوەیشی وتووە"بۆیە داوادەکەم دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم دابخرێت و ئیلغای بکەینەوە ، چونکە سەرۆکێک نەتوانێ ببێتە سیمبولی یەکگرتنی گەل! نەتوانێ ببێتە سیمبولی یەکێتی خاکی کوردستان! ئەم سەرۆک و سەرۆکایەتییە هیچ پێویست نییە ، چونکە ئیستا لەباتی ئەوەی میللەت یەکبخات ، میللەتی دابەشکردووە ، بۆیە نەسەرکی هەرێممان پێویستە ، نە سەرۆکایەتی هەرێمیش ،حکومەت و پەرلەمانێکی بەهێزمان هەبێت زۆرباشترە لە سەرۆکایەتییەک کە تەنها بارگرانییە لەسەر شانی گەلی کوردستان ، تکایە کەس جنێو و پەلامار نەدات من تەنها ڕای خۆم وتووە".

لە کۆتایی نوسینەکەیدا وتویەتی"پێم وایە سەرۆکی هەرێم مەنسەبێکی نەک هەر زیادەیە ، بگرە ترسیشی لەسەر دابەشبونی هەرێمی کوردستان دروستکردوە ، وە بەندە دژی دابەشبونی هەرێمی کوردستانی عێراقم بۆ دوو هەرێمی و دوو ئیدارەیی ، بۆیە پێم وایە مەنسەبی سەرکی هەرێم یان سەرۆکایەتی هەرێم مەنسەبێکە زەرەری زیاترە وەک لە قازانج ، بۆیە ڕاشکاوانە دەڵیم تەنیا و تەنیا حکومەت و پەرلەمانێکی دیموکراسیمان هەبێت بەسمانە".


PM:05:59:04/07/2016