پارتی بۆ پەكەكە: خەڵكی ئێمە بگرن، ئێمەش خەڵكی پەكەكە دەگرین

سەبارەت بە هەواڵی دەستگیركردنی ژمارەیەك كەس بە تۆمەتی سیخوڕی كردن بۆ پارتی‌و توركیا لەلایەن پەكەكەوە، بەرپرسێكی پارتی دەڵێت "ئەوان خەڵكی ئێمە بگرن، ئێمەیش خەڵكی پەكەكە دەگرین."

لەمبارەیەوە  نەجات حەسەن، بەرپرسی لقی 11ـی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی راگەیاند: "تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نین كە ئەندامانی ئێمە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە گیرابن، بەڵام ئەگەر وا بێت، بۆچی پەكەكە ئەندامی ئێمە دەگرێت، لەسەر چ بنەمایەك خەڵكی ئێمە دەگرن؟، ئەگەر دەركەوێت پەكەكە ئەندام یان خەڵكی پارتی دەستگیر كردووە، ئێمەیش ئەندامانی ئەوان دەستگیر دەكەین و هەڵوێستمان دەبێت".

وتیشی: "لە ڕووی یاساییەوە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو رەفتارانەی پەكەكە قبووڵ نەكات، چۆن دەبێ خەڵكێك میوانی ئێمە بێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەستگیر بكات؟".

پێشتر ماڵپەڕەكانی لێکۆڵینەو دواتر فراتنیوز بڵاویان كردەوە كە ژمارەیەك هاوڵاتیی بناری قەندیلیان دەستگیر كردووە  كە تۆمەتبارن بەوەی سیخوڕییان بۆ توركیا‌و پارتی كردووە. (زیاتر بخوێنەرەوە)



PM:03:08:11/07/2016