بەرپرسێکی گۆڕان دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، هۆشیار عەبدولآ دەستی لە پۆستەکەی کشاندەوەو وەک ئەندام پەرلەمانێک دەمێنێتەوە، هاوکات دەستی لەئەندامی جڤاتیش کشاندەوە.

هۆشیار عەبدولآ لە نوسینێکدا بە ناونیشانی " لە نێوان پۆست و رۆڵدا ، دوەمیان" دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەسەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق‌و ئەندامێتی جڤات راگەیاند.

لەو نووسینەدا هۆشیار عەبدولآ دەڵێت" لە رۆژی ۱۳ مانگی ٦ ی ئەمساڵدا واتا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ، بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەم لە سەرۆکایەتی فراکسێۆنی گۆڕان خستە بەردەست بەرێز کاک نەوشیروان رێکخەری گشتی بە ئامانجی ئەوەی فرسەت بدەم بە هاتنە پێشەوەی هاورییەکی ترم بە تایبەت کە وا دوساڵە ئەو بەرپرسیاریەتیە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت" بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵێک دەخەمە گەڕ بۆ سەرخستنی رێکەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئیئتلافەکەمان و پشتیوانێکی هەرە دڵسۆزی هاورێکانم دەبم لە هەردوو فراکسێۆن، بە هیوای ئەوەی ئیئتلافێک بێت لە خزمەتی خەڵکدا و گیانی یەکریزی بەیەکەوە کارکردن لەگەڵ فراکسێۆنەکانی تریش فراوان و پتەوتر بکات".


لە نێوان پۆست و رۆڵدا ، دوەمیان 

لە رۆژی ۱۳ مانگی ٦ ی ئەمساڵدا واتا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ، بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەم لە سەرۆکایەتی فراکسێۆنی گۆڕان خستە بەردەست بەرێز کاک نەوشیروان رێکخەری گشتی بە ئامانجی ئەوەی فرسەت بدەم بە هاتنە پێشەوەی هاورییەکی ترم بە تایبەت کە وا دوساڵە ئەو بەرپرسیاریەتیە لای ئێمەیە وا زیاتر لە پێنج ساڵیشە ئەندامی جڤاتم ، ئەمڕۆ دووشەممە، بە فەرمی پێم راگەیەنرا کە داواکەم پەسەند کراوە و ئیدی ئەرکی سەرۆکایەتی فراکسێۆن ، (بێگومان ئەندامێتی جڤاتیش بەو پێیەی بەگوێرەی دەستوری گۆڕان ، سەرۆکی فراکسیۆن راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی جڤات) بە هاوڕییەکی ترم ئەبەخشرێت و لە ئێستاوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لێدەکەم و تا کاتی دیاریکردنی ئەو هاوڕیەشمان ئەرکەکانی سەرشانم وەک خۆی جێبەجێدەکەم.

لە ناوەراستی سالی ۲٠٠۸ ەوە لە ناو ئەوپرۆژە سیاسیەی گۆڕاندا رام وابوە و هەرواش کارم کردوە کە هەمیشە رۆڵ گەورەترە لە پۆست و بێ پۆستیش مرۆڤ وەک هەڵسوراوێکی گۆڕان دەشێ رۆلی خۆی ئازایانە و رەخنەگرانە بێ سڵکردنەوە ببینێت و بە دڕێژایی ئەو ماوەیەش لە هیچ ئەرکێک درێغیم نەکردوە و لە ئایندەشدا پشتیوان بەخوای گەورە لە رێگەی ئەم بزوتنەوەیەوە درێغی ناکەم لە داکۆکیکردن لە ماف و داواکاریەکانی خەڵک بە تایبەت کە گۆڕان وەک پڕۆژەیەکی سیاسی پڕ هیوا و خەونی گەورە، تا ئێستا ئازایەنە سورە لەسەر بەڵێن و پەیمانەکانی کە بەخەڵکی داوە.

لیرەشەوە ماڵئاوایی لە هەموو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازم.

بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵێک دەخەمە گەڕ بۆ سەرخستنی رێکەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئیئتلافەکەمان و پشتیوانێکی هەرە دڵسۆزی هاورێکانم دەبم لە هەردوو فراکسێۆن ، بە هیوای ئەوەی ئیئتلافێک بێت لە خزمەتی خەڵکدا و گیانی یەکریزی بەیەکەوە کارکردن لەگەڵ فراکسێۆنەکانی تریش فراوان و پتەوتر بکات.

بۆ من هێندە بەسە ناونیشان و تایتڵم هەڵسوراوێکی سادەی گۆڕان بێت و بەس .

رێز و خۆشەویستیم بۆ هەموان

پەرلەمانتار
هۆشیار عەبدوڵڵا
هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان
۱۱ی ێۆلێۆی ۲٠۱٦


PM:08:15:11/07/2016