" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەلاحەدین بەهادین‌و لایەنە ئیسلامییەکان نمایشێکی راگەیاندنە"

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان و کەسایەتی دینیەکان کۆدەبێتەوە، سەرچاوەیەک سیاسی ئیسلامی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بابەتەکە زیاتر " بۆ راگەیاندنە".

وا بڕیارە ئەم ئێوارەیە سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەمیرو بەرپرسانی کۆمەڵ و بزووتنەوەو چەند کەسایەتییەکی ئاینی لە ئێوارەخوانێکدا کۆبێتەوە، سەرچاوەیەکی سیاسی ئیسلامی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەو کۆبوونەوەیە زیاتر بۆ راگەیاندنە، چونکە بە کردەوەو لەپشتی ئەو کۆبوونەوەیە هیچ بەرنامەرێژی و کارکردنێکی پێشوەخت ئامادە نییە".

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەگەر لایەنە ئیسلامییەکان بیانەوێت لەیەک نزیک ببنەوەو هاوپەیمانێتییەک دروستبکەن، ئەوەی پێویستی بەکارە، نەک بەم نمایشکردنە میدیایە.

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە یەکگرتوو و ئەمینداری یەکگرتوو زیاتر دەیەوێت خۆی وەک چەترێکی ئیسلامییەکانی کوردستان نمایش بکات، لەکاتێکدا لە دوو ساڵی رابردوودا هەڵوێستی لایەنەکانی تر و ئیسلامیەکانیش لەنێویاندا لە پرسە گشتیەکان لە پەرلەمانیش  راشکاوانە ترو "مەبدەئی" تربووە.
 



PM:01:27:14/07/2016