وەزارەتی خوێندنی باڵا: بڕوانامەی زانكۆیەكی هەرێم باوەڕ پێكراو نیە

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، زانكۆی یورك لە هەولێر، كە شێوازی خوێندن تێیدا بەشێوەی ئۆنلاینە،‌ باوەڕپێكراو نییە، بۆیە داوا لە خوێندكاران و قوتابیان دەكات پارەی خۆیان لەو زانكۆیەدا بەفیڕۆ نەدەن.

لەوبارەیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیەندراوێكی بڵاوكردۆتەوە و تێیدا عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت "ماوەیەكە لە شاری هەولێر، زانكۆیەك بەناوی زانكۆی یورك بارەگای كردوەتەوە، ئێمە بە خەڵكی كوردستان و خوێندكاران و قوتابیانی خۆشەویست دەڵێین ئەو زانكۆیە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە نییە و بێ مۆڵەتەو باوەڕپێكراو نییە".

عەباس ئەكرەم رونیشیكردۆتەوە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا باوەڕپێكراو نییە، بۆیە ئەو زانكۆیەش بۆ خوێندن پشتی بە شێوازی ئۆنلاین بەستوە، لەهەمانكاتدا بەدەر لە رێنمایی و رێوشوێنەكانی كردنەوەی زانكۆ لە هەرێمی كوردستان، كە بەیاسا لە پەرلەمانی كوردستان رێكخراوە و لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، كراوەتەوە، بۆیە ئەوەش پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە خوێندكاران و قوتابیان دەكات بەهیچ جۆرێك داواكاری پێشكەش بەو زانكۆیە نەكەن، چونكە بڕوانامەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا باوەڕپێكراو نین‌ و پارەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن.



PM:02:17:18/07/2016