14 كەشتی جەنگی‌و فەرماندەی هێزەی دەریایی توركیا بێ سەروشوێنن

لەپاش شكستی كودەتاكەی توركیا‌و دەستگیركردنی هەزاران كەس، تا ئێستا 14 كەشتی جەنگیی‌و فەرماندەی هێزەی دەریایی ئەو وڵاتە بێ سەروشوێنن.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە: لەدوای هەوڵی كودەتاكەی رۆژی هەینی 15/7/2016ەوە 14 كەشتی‌ سەربازی‌و‌ دوو هێلیكۆپتەرو هێزێكی‌ تایبەتی‌ سوپای‌ توركیا بەشێوەیەكی‌ تەمومژاوی‌ دیارنەماون‌و ژەنەراڵ فیسیل كوسیلی‌ فەرماندەی‌ هێزی‌ دەریاوانیش پەیوەندی‌ لەگەڵ ئەنكەرە بچڕاوەو نازانرێ‌ خۆی‌‌و ئەو چواردە كەشتییە كە لەدەریای‌ رەش‌و ئیجە بوون چییان بەسەرهاتووە، ئەنكەرە هێشتا دڵنیا نییە ئەو ژەنەراڵە یەكێكە لەپلانداڕێژەرانی‌ كودەتاكە، یاخود بەبارمتە گیراوە.

لەلایەكی‌ ترەوە رۆژنامەی‌ حوڕییەتی‌ توركی‌ بڵاویكردۆتەوە كە لەڕۆژی‌ هەوڵی كودەتاكەوە دوو هێلیكۆپتەرو هێزێكی‌ تایبەتی‌ (25) سەربازیی‌ توركیا بەشێوەیەكی‌ تەمومژاوی‌ دیار نەماون، ئەو هێلیكۆپتەرانە كە هێزێكی‌ تایبەتیان هەڵگرتووە بەرەو ئەو هۆتێلەی‌ دورگەی‌ مەرمەڕە كەوتۆتەڕێ‌ كە ئەردۆغانی لێبووە.



PM:11:05:19/07/2016