ئەمەریكا 5 بنكەی سەربازیی لە ناوچەی پارتی دەكاتەوە

لەسەر بنەمای پرۆتۆكۆڵی سەربازیی نێوان ئەمەریكا‌و هەرێمی كوردستان بڕیارە ویلایەتە یەكگرتوەكان 5 بنكەی سەربازیی لە پارێزگای هەولێر‌و دهۆك بكاتەوە.

ماڵپەڕی فەرمی پارتی بڵاویكردەوە كە  پێگەی ئەلکترۆنی ئی‌کورددەیلی نووسیویەتی : ئەمەریکا بە گوێرەی ئەو پرۆتۆکۆڵە سەربازییەی کە  لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا واژۆی کردووە پێنج بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات و، لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەمەریکا مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات و مووچەیشیان پێ دەدات.

ئەم ڕێککەوتنە وەک پێگەی ئینگلیزی ئی‌کورددەیلی ڕایگەیاندووە دوای پێوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەدایک بوو.

بە گوێرەی پێگەی ئی‌کورددەیەلی، ئەمەریکا ٥ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دادەمەزرێنێ کە ئەمە لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆلە سەربازییەدایە کە لە نێوان هەولێر و واشنتندا واژۆ کراوە.

پێگەکە بڵاویشی کردووەتەوە کە، بنکە سەربازییەکان دەکەونە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دوو بنکەی سەربازی دەکەوێتە هەریر کە سەربە پارێزگای هەولێرە و یەکێکیشیان لە ئەتروش دەبێ.

جگە لەوەی کە پێگەکە باسی لەوە کردووە کە ئەم پرۆتۆکۆڵە سەربازییە بۆ هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئەمەریکایە بە مەبەستی لەنێوبردنی داعش، بەڵام ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە ئەمەریکا بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە بۆماوەی ١٠ ساڵ مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات لەگەڵ پێدانی مووچە.



AM:10:10:21/07/2016