تورکیا داوا دەکات بە ٦٠ رۆژ گوڵەنی رادەست بکەن
ڕۆیتەرز: پێدەچێت چەند ساڵێکی پێبچێت

بە پێی ڕای ئەو پارێزەرانی کە ڕۆیتەرز وەریگرتووە، پێدەچێت ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن چەندین ساڵی پێبچێت.

سەرۆك وەزیرانی تورکیا بینالی یلدرم رایگەیاند کە ٤ دۆسیەیان ناردووە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و وتیشی کە چەند بەڵگەیان بوێت پێشکەشیان دەکەین. هەروەها تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە کە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ فەتحوڵڵا گولەن دەستبەسەر بکات، تا ئەو کاتەی ڕادەستدەکرێتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو دۆسیانەی لەلایەن تورکیاوە بۆیان نێردراوە وەکو "داواکاری ڕادەستکردنەوە" تەماشای ناکەن. گولەنیش لە ڕیگای دەزگای یەكێتی بەها هاوبەشەکانەوە داوای لە ئەمریکا کرد کە "وەڵامی ئەو داواکارییانە نەداتەوە کە تۆڵە ئامێزە و مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە."

لە هەردوو وڵاتدا لێکۆڵینەوە دەکرێت تاکو بزانرێت تاوان هەیە یاخو نا 

ڕۆناڵد هێجس کە دادوەرێکی ئەمریکییە و پێشتر لە کەیسەکانی ڕادسەتکردنەوەدا دەوری هەبووە وتی: بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی کە دەدرێنە پاڵ گولەن بە سیاسی لە قەڵەم بدرێن، پێویستە گولەن ڕایبگەیەنێت کە "من بە ئەنجامدانی هیچ تاوانێك تاوانبار نەکراوم، بەڵکو بە دژایەتی کردنی حکومەت تاوانبار کراوم."

دادوەر کارێن ویلیامس ڕایگەیاند: لەلایەن زۆرێک لە دادوەرانی ئەمریکاوە ڕێکارێك هەیە کە دەگیرێتە بەر بۆ  ئەوەی بڕیاربدرێت کە ئایا تاوانێک سیاسییە یاخود نا، پێویستە پرۆسەکە بە دوو پێوەردا تێپەڕێت، یەکەمیان: ئایا لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکەدا هیچ بزوتنەوەیەکی  ناڕەزایی سیاسی هەبووە یان نا، وە دووەهەمیان: ئەگەر تاوانێک ئەنجامدرابێت لە کاتی ناڕەزاییەکاندا بۆتە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی ناڕەزاییەکان یاخو نا.

هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دادی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە لەیەن پارێزەرکانی هەردوو وەزارەتەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت تاکو بزانرێت داواکاریەکەی تورکیا بۆ ڕادستکردنەوەی گولەن دەچێتە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی نێوان وڵاتان بۆ ڕادەستکردنەوەی تاوانباران یان نا، وە ئایا گولەن هەستاوە بە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک لە تورکیا یاخود ئەریکادا؟
 
"ئەو داواکارییانەی کە ئاڕاستەی دادگای باڵا دەکڕێن ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنن".

ئەگەر داواکاری ڕادەستکردنەوەکە بە ئەرێنی تەماشا بکرێت لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، داواکارییەکە ئاڕاستەی دادوەرێکی ئەمریکی دەکرێت و ئەویش لێکۆڵینەوە دەکات تاکو بزانێت ئایا ئەو تاوانەی باسیلێدەکرێت ئەنجام دراوە یاخو نا؟ وە ئایا کەسی گومانلێکراو ئەنجامدەری تاوانەکەیە یاخو نا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز بڕیاری ئەو دادوەرە ئەمریکییە ناتوانرێت تانەی لێبدرێت. بەڵام بەپێی یاساکانی ئەمریکا هەموو بەندکراوێك دەتوانێت تانە لە گرتنەکەی بدات و بە دەسەڵاتداران ڕابگەیەنێت کە "بە ناحەق دەستگیرکراوە" و داوای ئازادبوون بکات.

 تەنانەت پاش بڕیاردانی دادگاش، ڕادەستکردنەوەی هەر کەسێک پەیوەستە بە واژۆی وەزری دەرەوەوە
لە ڕاستیدا زۆر بە دەگمەن ئەم داواکارییانە بە ئەرێنی وەڵام دەدرێنەوە، هەروەها ئەم داواکاریانەش لە دادگای باڵای ئەمریکا چەندین ساڵیان پێدەچیت.
بەم وشانە کۆتایی هێنراوە بە شیکردنەوەکەی ڕۆیتەرز: "لە هەر هەلومەرجێکدا، ئەگەر بڕیاری ڕادەستکردنەوە بدرێت و پاش هەموو تانە لێدانەکانیش بڕیارەکە نەگۆڕێت، ڕادەستکردنەوەکە وابەستدەبێت بە واژۆی وەزیری دەرەوەوە. وەزیری دەرەوەش چاو دەخشێنێتەوە بە ئارگومێنتە مرۆییەکان و چەندین فاکتەری تریشدا پێش ڕادەستکردنەوە."
سەرچاوە: رۆژنامەی جمهورییەتی تورکی
http://www.cumhuriyet.com.tr/haber/dunya/571695/Reuters_Gulen_in_iadesini_inceledi__Yillar_surebilir.html
 



PM:09:47:22/07/2016