نەوشیروان مستەفا: ئەولەویەتی سەركردایەتی هاوبەش، چاككردنی باری بژێوی خەڵكە

 ئەمرۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا  بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەرەوپێشچونەكانی رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی كۆبوەوە.

بەپێی میدیاكانی گۆڕان سەرەتای كۆبونەوەكە، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتەیەكی پێشكەش كردو ڕونكردنەوەی دا سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكە، بەوردی بارودۆخی عێراقی رونكردەوەو باسی پەیوەندی سیاسی گۆڕان‌و هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كرد.

رێكخەری گشتی ئاماژەی بە راپۆرتی لیژنەی سەركردایەتی هاوبەش كرد كە بە حزب‌و لایەنە عێراقییەكانیان راگەیاندوە، ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە.. باسی لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كردو وردەكاریی پرۆژەو پێشنیاری لیژنە جیاجیاكانی سەركردایەتی هاوبەشی خستەڕو، لەنێویشیاندا باسی لە پێشوازی هێزو لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و كرد.

وتی: سەرجەم ئەو هێزە سیاسییانە بە گرنگییەوە باسیان لە رێككەوتنەكە كردوەو پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە، تەنانەت حزب‌و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەییەكانیش. بە گرنگییەوە پشتیوانی رێككەوتنەكەیان كردوە.

هەر لە درێژەی قسەكانیدا، نەوشیروان مستەفا رایگەیاند، ئەولەویەتی سەركردایەتی هاوبەش، چاككردنی باری بژێوی خەڵك‌و زیادكردن‌و رێكخستنەوەی داهات‌و كەمكردنەوەی خەرجییەكان‌و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی‌و پرۆسەی چاكسازییە.

هەر لە كۆبونەوەكەدا، عومەری سەید عەلی وتەیەكی پێشكەش كردو باسی لە هەمو ئەو هەوڵ‌و هەنگاوانە كرد، كە لە رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا ئەنجامیان داوە، بۆ ئەو مەبەستە، رونكردنەوەی تەواوی دا لەبارەی رەنگدانەوەی دوای رێككەوتنەكەو بە وردی بۆ ئەندامانی جڤاتی خستەڕو.

هەروەها باسی هەنگاوەكانی ئاییندەی كرد لە پێشنیارو ئەگەرەكانی بەردەم رێككەوتنەكە لە ئایندەی پرۆسەی سیاسی عێراق‌و هەرێمی كوردستاندا.

لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، هەریەك لە محەمەد تۆفیق رەحیم‌و جەلال جەوهەر، باسیان لە كاروباری سیاسی ژورە تایبەتمەندەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كرد، لەنێوشیاندا كارەكانی ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان‌و ژوری حكومەت‌و پەرلەمان، رێكخەری ژوری پەیوەندییەكان باسی لە پێشوازی نوێنەری كونسوڵی وڵاتان كرد، بۆ رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان.

دواتر كاوە محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق وتەیەكی پێشكەش كردو تیشكی خستەسەر كۆبونەوەكانی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لەگەڵ حزب‌و لایەنە عێراقییەكان لە بەغداو پشتیوانی تەوا‌وی لایەنە عێراقییەكان.

شۆرش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، تەوەرێكی كۆبونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بوە بۆ چۆنیتی خۆئامادەكردنی هەرێمی كوردستان بۆ شەڕی موسڵ‌و قۆناغی دوای كۆتایی هاتنی "داعش".



PM:10:13:23/07/2016