پۆلیسی ڕاپەڕین: لەشەش مانگی رابردوودا 53 كەس گیانیان لەدەستداوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماری ڕووداوەکانی شەش مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە هەزار و ٧٠٨ ڕووداو لەو ماوەیەدا هەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەمڕۆ ٢٤ی تەموزی ٢٠١٦ لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، لە شەش مانگی ڕابردوودا هەزار و ١١١ ڕووداو لە سنوری ڕانیە و ٥٩٧ ڕووداوی تر لە پشدەر ڕوویانداوە.

ئەوەش هاتووە، لەو ماوەیەدا ٥٣ کەس بە هۆکاری جیاجیا گیانیان لەدەستداوە کە ١٩یان لە ڕەگەزی مێ بوون.

بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، زۆرترن حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سوتانەوە بووە کە ١٢ حاڵەت بووە و دوای ئەویش بە ڕووداوی هاتوچۆ کە ١٠ حاڵەت بووە.

هاوکات دەڵێت: لەماوەی ئەو شەش مانگەدا ٨٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان کراوە و دوو ڕووداوی کوشتن و حەوت ڕووداوی سوتان و خۆسوتانی ژنان هەبووە.



PM:02:54:24/07/2016