میدیاكانی یەكێتی‌و پارتی یەكتر تۆمەتبار دەكەن

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەڵامێکی توندی ماڵپەڕی ''باس نیوز''ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە و بە کەناڵێکی پڕ گومان ناوی دەبات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژنامەی باس نیوزی پارتی بڵاویکردتۆتەوە کە گوایە کێشە لەنێو راگەیاندنی فەرمی یەکێتی روویداوە و ماوەی ٤ رۆژە هیچ هەواڵێکی دانەبەزاندووە.

لە وەڵامدا، ماڵپەڕی PUK Mediaی یەکێتی دەڵێت '' لەكاتێكدا هەموو لایەك بەتایبەتی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران ئاگادارن كە پەیجی PUKmedia لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك چەند رۆژێكە بە هۆكارو دەستێكی شەرمنۆك راگیراوە''.

دەقی وەڵامەکەی ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی بۆ رۆژنامەی ''باس''ی پارتی:

لەكاتێكدا هەموو لایەك بەتایبەتی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران ئاگادارن كە پەیجی PUKmedia لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك چەند رۆژێكە بە هۆكارو دەستێكی شەرمنۆك راگیراوە..

رای گشتی و شەقامی كوردی ئاگادارن هۆكارەكانی پشت ئەو راگرتنەی لاپەڕەی فەیسبوكمان چین؟؟؟ ئیتر پێویست ناكات هیچ كەس و كەناڵیكی پڕگومان شەقام بەلاڕێدا ببات.

لەكاتێكیشدا كە لەهەوڵداین بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، كەچی سایتی (باسنیوز) دوور لەهەر ئیتیكێكی رۆژنامەنووسی و بەدواداچوونێكی پێشوەخت، لە هەواڵێكی چەواشەكارانەدا بڵاوی كردۆتەوە كە گوایە "ماوەی 4 رۆژە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی فەرمی یەكێتی هیچ هەواڵێكی تازەی دانەناوە". لەكاتێكدا ئێمە شەو و رۆژ سەرقاڵی نوێكردنەوەو بڵاوكردنەوەی هەواڵ و راپۆرت و بابەتی رۆژنامەوانین.

ئێمە سەرلەبەری ئەو هەواڵە بێبنەماو دوور لەڕاستییە بەدرۆدەخەینەوە و بۆ خوێنەران و هەموو لایەكیشی دووپات دەكەینەوە كە سەرەڕای كاریگەرییە نەرێنییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر تەواوی دەزگاو دامەزراوە رۆژنامەوانییەكانی كوردستان بەگشتی چەند كەناڵێكی گوماناوی نەبێت، بەڵام PUKmedia شەو و رۆژ بەردەوامە لە كاركردن و بەهیچ جۆرێك دانەبڕاوە لە خوێنەرانی و هەواڵ و بابەتەكانیش شاهیدی ئەو راستیەن. هەفتەی رابردووش بەهەمانشێوە باس نیوز بوختانێكی تری هاوشێوەی بۆ میدیای یەكێتی هەڵبەستبوو.

ئەو تایتلەش كە (باسی بێباس جگە لە درۆ و ناوزڕاندن) دایڕشتوە ئەمەیە: " بەهۆی مووچەوە کێشە لەنێو ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکێتی سەری هەڵداوە".

ئەمجۆرە كەناڵانە كە مووچەی مانگانەیان تەنها سەعاتێكیش دواناكەوێت (باس بە نموونە)، یان چێژ لەباسكردنی بێ مووچەیی میدیاكارانی كوردستان دەبینن؟؟ یاخود لە بنەڕەتدا پیشەیان هەر بوختان هەڵبەستنە؟؟



PM:03:43:07/08/2016