"ڕۆژنامەنوسێکی میدیاكانی سەر بە پەكەکە بە هۆی ئەشکەنجەوە لە دهۆک كوژرا"

ئەمرۆ شەممە رۆژنامەنوسی مالپەڕی رۆژنیوزی سەر بە پەكەكە لە گەڕەكی ماڵتای شاری دهۆك لەلایەن چەند كەسێكەوە دەرفێنرێت‌و دواتر تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە.

سەلاح خدر سەرنوسەری ئاژانسی رۆژ نیوز بە سپی رایگەیاند" وەدات حسێن عەلی تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هیچ کێشەو گرفتێکی نەبووە، دواتر لە ماڵ دەچێتە دەرەوەو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت و بۆ شوێنێکی نەزاندراو دەیبەن و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە".

زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، وەدات بە گوللە نەكوژراوە‌و تەنها بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە.

  سەلاح خدر وتیشی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە چەند جارێک وەدات لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە بانگ کراوەو لێپرسینەوەی لێکراوە.

وەدات حسێن عەلی لە 1988 لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووەو ماوەی چەند مانگێکە گرێبەستی لە گەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوزدا واژۆ کردووە.



PM:05:12:13/08/2016