جۆن کێری بۆ توركیا: یەپەگە لە رۆژئاوای رووباری فورات دەکشێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە رۆژئاوای رووباری فورات دەستیان کردووە بە کشانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات.

بە پێی هەواڵێكی حوڕیەتی توركی جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا تاووتوێ دۆخی سووریایان کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا باسیان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی جەرابلوس کردووە، هەروەها جەختیان لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان هەردوولا لەمبارەیەوە کردەوە.

کێری بە چاوشئۆغڵوی گوتووە " هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی داعش لە عێراق و سووریا بە هەماهەنگی بەرەوامدەبێت" هەروەها گوتوویەتی، " هێزەکانی یەپەگە، لە رۆژئاوای رووباری فورات دەستیان کردووە بە کشانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات".

جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بۆ تاووتوێکردنی چەند پرسێکی هەستیار سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رێککەوتووە، لەوبەری رۆژئاوای رووباری فورات بۆ یەپەگە هێڵی سووربێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر رێدور خەلیل، وتەبێژی یەپەگە له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند؛ ئۆپه‌راسیۆنی جه‌رابلوس له‌ دژی داعش پێكنه‌هاتووه‌، به‌ڵكو له‌دژی ده‌ستكه‌وتی كورد پێكهێنراوه‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌وان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ خۆرئاوای ڕووباری فورات و هیچ كه‌سێكیش ناتوانێت داوا له‌سه‌ر ئه‌وان بسه‌پێنێت‌و له‌سه‌ر داوای هیچ هێزێك ناجوڵێنه‌وه‌.



PM:01:25:25/08/2016