وردەكایی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمرۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە‌و باس لەسەر باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان كرایەوە.

بەپێی میدیاكانی گۆڕان،  ئەمڕۆ شەممە، بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ،  لە شاری سلێمانی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا، كۆبوەوە و سەرەتای كۆبونەوەكەش نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا هەلومەرجی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندیەكانی هێزە نێو دەوڵەتیەكان و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان تاوتوێكرا.

دوای کۆبونەوەکە د.شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا چەند تەوەرێک تاوتوێکرا لەوانە، دواین پێشهاتی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و تاوتوێکردنی باردودۆخ و گوزەرانی خراپی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەو رێکار و پێشنیارانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە.

وتەبێژی گۆڕان جەختی لەوەش کردەوە، کە بزوتنەوەی گۆڕان هەمو بڕیار و هەنگاوێکی سیاسی بە ئاڕاستەی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان دەنێت.

باسی لەوەشکرد کە لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی جڤاتدا، باس لە پڕۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کراوە و هەروەها هەڵوێستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەرز نرخێندرا لە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەبو بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی خستەڕو؛ کە لەکۆبونەوەکەدا تاوتوێی پێشهات و ئەگەرەکانی دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ کراوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و داگیرکردنی شاری جەرابلوس لە رۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی بزوتنەوەکەشی بۆ خەباتی رەوای خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دوپات کردەوە لەبەرامبەر هەر نەخشە و پیلانێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی تێکۆشەرانی رۆژئاوا.



PM:02:18:27/08/2016