باڵی هێرۆ ئیبراهیم لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەیاننامەکەی باڵی کۆسرەت رەسوڵ بە ناشەرعی ناوزەد دەکات.
روونکردنەوەکە کە بەناوی زۆرینەی مەکتەبی سیاسیەوە بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە" بەم رونكردنەوە سەرەتاییە، رایدەگەیەنین، كەوا؛ دوای هەوڵێكی بەرپرسیارانە بۆ ئارام راگرتنی دۆخی ناو یەكێتییو دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ، بەمزوانە ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەداتو دوا سیاسەتو هەڵوێستی یەكێتیی، رادەگەیەنین".
رونكردنەوەیەك لەزۆرینەی
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ەوە
ئۆرگانو هەڤاڵانی یەكێتیی!
كەسوكاری شەهیدانو پێشمەرگەو رای گشتی كوردستان!
دۆستانی یەكێتییو پشتیوانانی كوردستان!
دوێنێ (1/9/2016) هاوكاتی گەڕانەوەی رابەرمان مام جەلال، لەچارەسەرێكی دڵخۆشكەرەدا؛ هەروەها لەكاتێكدا هێزی پێشمەرگە شكۆمەندانە بەرگری لەكوردستان دەكاتو پۆل پۆل شەهیدان بەرەو كاروانی نەمری بەڕێ دەكرێن، لەبارو دۆخێكدا رووداوی نالەباری ئیقلیمیو سیناریۆی مەترسیداری جۆاروجۆر لەناوچەكەدا بەرامبەر كێشەی رەوای نەتەوەكەمان دەگوزەرێ؛ هەموو ئەمانەش، لەناو هەلومەرجێكی سەختی قەیرانی ئابوریدا، كە تەنگی بەژیانی هاووڵاتیو بوارەكانی ئابورییو بازاڕ هەڵچنیووە، زۆر بەداخەوە (بەشێكی) هەڤاڵانی سەركردایەتی یەكێتیی، راگەیەندراوێكیان بەناوی (ناوەندی بڕیار) بڵاوكردەوەو هەڵوێستەكەشیان نیگەرانییەكی زۆری هێناوەتە ئاراوە!!
هەڤاڵانی یەكێتیی، لەكورستانو عیراقو هەندەراندا!
بۆ ئەوەی گەلەكەمانو هێزە سیاسییەكان، وەكو رونكردنەوەیەكی سەرەتایی لەهەڵوێستی شەرعیو رەسمی یەكێتیی ئاگادار بكەینەوە، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی، لەكۆبوونەوەیەكی نائاسایی تاوتوێكردنی پەرۆش بۆ چارەسەری كێشەكان، كە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتییو زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی ناوەند، هەمان هەڵوێستیان هەیە، رایدەگەیەنین، كەوا:
یەكەم: راگەیاندنێكی هەر ئۆرگانێك، یان ناوەندێك، لەپەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند نەكرابێ، لای زۆرینەی ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتیی، بەهیچ چەشنێ، شەرعییەتی نییە.
دووەم: بابەتی هەستیاری ئاوهای بەشێكی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی، كە راگەیەندراوە، دوور و نزیك، لەمەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتیی باس نەكراوە؛ هەروەها رەزامەندی ئەنجومەنی ناوەندیشی لەسەر وەرنەگیراوە.
تەنانەت داوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی، یاخود پلینیۆمی كتو پڕیش، بۆ باسكردنی پرسێكی ئاوەها، نەكراوە. بۆیە:
بەم رونكردنەوە سەرەتاییە، رایدەگەیەنین، كەوا؛ دوای هەوڵێكی بەرپرسیارانە بۆ ئارام راگرتنی دۆخی ناو یەكێتییو دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ، بەمزوانە ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەداتو دوا سیاسەتو هەڵوێستی یەكێتیی، رادەگەیەنین.
چاوەڕوانیشین، تەواوی هەڤاڵانی سەركردایەتی، بەدەم بانگەوازی چارەسەری راستەقینەمانەوە بێن. دڵنیاشین لەدوا سەرەنجامدا، یەكێتیی سەركەشو سەركەوتوو، لەمەیدانەكەدا درێژە بەخەباتی دیموكراسیو عەدالەتخوازی دەدات. هەروەكو مام جەلال-یش فەرمویەتی: سەفین لەبن بێ، یەكێتیی لەبن نایەت.
زۆرینەی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2/9/20146