حەنان فەتلاوی سەردانی هەڵەبجە و سلێمانی کردوە و لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەتەوە

سەرۆکی کوتلەی ئیرادە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە سەردانی شاری سلێمانی کردووە و لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.

لەبەیاننامەیەکدا، حەنان فەتلاوی، سەرۆکی کوتلەی ئیرادە رایگەیاندووە، "سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی زۆر گرنگە، چونکە سلێمانی قیبلەی کوردستانە، ھەروەک چۆن نەجەف و کەربەلا قیبلەی شیعەکانە".

حەنان فەتلاوی باس لەوە دەکات، کە پێویستە زۆربەی حزب و کوتلە سیاسییەکان بە ”ھەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە، کە سەردانی ھەولێریان دەکرد لە بڕی سلێمانی" و رایگەیاندووە، ”ئەو پێشکەوتن و بونیادنانەی لە سلێمانی ھەیە جێگای سەر سوڕمانە و پێویستە ئەوەی خێری عێراقی دەوێ، سەردانی سلێمانی بکات".

هاوكات باس لەوە دەكرێت فەتلاوی بە نهێنی سەردانی شاری هەڵەبجەی كردوە‌و بەمەش پارتی دیموكراتی كوردستانی نیگەران كردوە.

لەمبارەیەوە فاروق عەبدولکەریم، کارگێڕی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "فەتلاوی کەسێکی باوەڕپێکراوی نزیکی نووری مالیکییە، بۆیە لەوە دەچێت نوێنەری تایبەتیی مالیکی بێت و پەیامی دەوڵەتی یاسا بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی بگەیەنێت”.

جەختیشی لەوە کردەوە: "دەبێت لایەنە سیاسییەکانی سنووری هەڵەبجە ڕوونکردنەوەی فەرمی بدەن، ئەگەر بۆ سەردانی دۆستایەتیی کەسی هاتووە یان بۆ سەردانێکی فەرمی بووە، دەبێت ڕوونکردنەوە بدەن کە بۆچی هاتووە؟ ئامانج لە سەردانەکەی چییە؟".

بەرپرسەکەی پارتی لە هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە کە هەمووان فەتلاوی دەناسن کە کەسێکی "گوماناویی توندڕەوی شیعە”یە و باوەڕی بە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە. گوتیشی: "فەتلاوی کەسێکی جنێفرۆش و هێرشبەرە بۆ سەر کوردستان، هاتنی لەژێر پرسیار دایە”





PM:02:35:04/09/2016