وەزیرەكانی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی كرد

وەزیر‌و بریكار‌ەكانی گۆڕان نامەی دەست لەكاركێشانەوەیان لەحكومەتی هەرێم ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كرد.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەجڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند: هەر یەكە لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، كەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف، رێباز محەمەد وەزیری دارایی، ساماڵ سەردار وەزیری بازرگانی، سەركەوت حەسەن بریكاری وەزیری ناوخۆ، رێبوار خەلیل سەرۆكی دەستە وەبەرهەمهێنەران، هێمن ئەنوەر بریکاری وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەكاركێشانەوە خۆیان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كردوە بۆ ئەوەی چیتر نەگەڕێنەوە ناو حكومەت.

بە پێی زانیارییەكانی سپی پێشكەشكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەم بەرپرسانەی گۆڕان پەیوەندی هەیە بە بارودۆخ ئابوریی‌و باری ژیان‌و گوزەرانی خراپی هاوڵاتیانی كوردستانەوە‌و چیتر ئەوان نایانەوێت بەشێك بن لەو حكومەتەی كە بژیو‌و گوزەرانی خەڵكی بەم ئاستە خراپە گەیاندوە.

سەرچاوەكەی سپی وتی: سیستمی پاشكەوتكردن‌و دواكەوتنی موچە‌و راوەستانی هەموو پرۆژەكان‌و ناشەفافیەتی بواری دارایی‌و بواری نەوت پاڵنەری سەرەكی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان بووە بۆ ئەوەی دەست لەكار بكێشنەوە.

دوای ئاراستەكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسەكانی گۆڕان، دەبێت جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببنەوە‌و لەسەر ئەو نامەیە بڕیار بدەن.

ساڵی رابردوو لە رێكەوتی 12/10دا وەزیر‌و بریكاری وەزیر‌و بەڕێوەبەر گشتییەكانی گۆڕان لە كابینەی حەوتەم بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردرانەوە ماڵەوە، هاوكات رێگە لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بۆ شوێنی كارەكەی لەپەرلەمان بگەڕێتەوە.
 لەو كاتەوە وەزیرەكانی گۆڕان نامەیان ئاراستەی حیزبەكەیان نەكردبوو، بەو هیوایە بارودۆخەكە ئاسایی بگەڕێتەوە‌و لە هەفتەی رابردووشدا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد‌و ئاگاداری كردنەوە كە ئەگەر گوزەرانی خەڵك چاك نەكرێت، ئەوا لەحكومەت دەكشێنەوە. هاوكات كۆمەڵی ئیسلامیش لەبەرنامەیدایە كە پێداچوونەوە بەبەشدارییان لە حكومەتدا بكات‌و بەو پێیەش ئەو هێزە سەرەكییەی لەحكومەتدا دەمێنێتەوە تەنها یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.



PM:03:07:10/09/2016