پارتی: یەكێتی شەریكە لەفرۆشتنی نەوت‌و بەتەنكەریش ئاودیوی ئێرانی دەكات

بەرپرسێكی پارتی پێیوایە لێدوانەكانی یەكێتی لەسەر فرۆشتنی نەوت لەئەنجامی ناكۆكیییە نێوخۆییەكانی یەكێتییەو پارتی بە ئاسایی وەریدەگرێت.

فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاند: "یەكێتی بە خۆیان ناکۆکن؛ ئێمەی پارتی دیموكراتی كوردستان گازندەمان لە یەكێتی نییە، چونكە لە ڕۆژانی ڕابردوو بەهۆی جیابوونەوەی باڵی ناوەندی بڕیار، زۆر لەو قسانەی ئێمە وەك پارتی دەمانویست بیكەین و لەبەر ڕەوشی هەرێمی كوردستان نەماندەكرد باڵی ناوەندی بڕیار كردی، لەوانە بە نامەی هێرۆخان پێنج مانگە نەوتی كەركووك ڕاگیراوە، بڕیار دراوە گشت داهاتی ناوخۆی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە بە خالی باشماخەوە گل دەنەوە و نەینێرنەوە بۆ هەولێر و تۆمەتی نادیاری پارەكە دەخەنە ئەستوی پارتیمان! هەموو ڕاستیەك بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ئاشكرا بووە و ڕوون بووەتەوە."

وتیشی: "یەكێتی شەریكە لە  فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی گرێبەستەكانیش تانكەری فرۆشتنی نەوت لەلایەن یەكێتی سەری ناوە بە لووتی یەكەوە لە باشماخەوە ئاودیوی ئێرانی دەكەن، داهاتەكەشی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڕۆات نەك بۆ حكوومەت، لەبەر ئەوەش یەكێتی دووجار شەریكەنەوتە و پارتی جارێك، چونكە پارتی تەنیا لە ڕێگەی حكوومەتەوە نەوت دەفرۆشێ و مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین دەكات، بەڵام یەكێتی جگە لەوەی لە حكوومەتدایە و ئاگای  لە فرۆشتنی نەوتە، لە كەركووكیشەوە بە تانكەر نەوت دەفرۆشێ و داهاتەكەشی بۆ باخەڵی یەكێتییە."



PM:05:56:10/09/2016