سەرۆکی پەرلەمان بۆ نادیە موراد: سەربەرزین پێت

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. یوسف محەمەد لە پەیامێکدا بۆ کچە ئێزیدی قوتاربووی دەستی داعش دەڵێت" هەمومان سەربەرزین بە نوێنەرایەتی کردنمان بۆ یەکەم جار لە مێژودا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، بەشێوەیەکی فەرمی، لە لایەن خانمێکی قوربانیدەریی وەک بەڕێزتان".

لە پەیامێکدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی بوونی نادیە موراد باڵوێزی ئاشتی دەڵێت" بە ناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان، پیرۆزباییتان لێدەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکی باڵیۆزی و نوێنەرایەتی کردنی پرسی قوربانیانی دەستی تیرۆر و قاچاخچێتی بە مرۆڤەکانەوە".

دەقی پەیامەکە

بۆ خاتو نادیە موراد، یەکەم باڵیۆزی گەلی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان.

بە ناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان، پیرۆزباییتان لێدەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکی باڵیۆزی و نوێنەرایەتی کردنی پرسی قوربانیانی دەستی تیرۆر و قاچاخچێتی بە مرۆڤەکانەوە، جا چ قوربانیانی گەلەکەمان لە پێکهاتەی ئێزیدی، یان هەر مرۆڤێکی تر لەسەر گۆی زەوی.
 ساڵی ٢٠١٤ لە تەلاری پەرلەمان، کە بۆ یەکەمجار چاومان بەیەککەوت، لە پاش ڕزگار بونتان لە دەست گروپی تیرۆریستیی داعش، هەستم بە ئیرادەیەکی بەهێزت دەکرد بۆ تێپەڕاندنی ئازارەکان و، گەیاندنی دەنگی گەلەکەمان بە هەمو دونیا. هەمومان سەربەرزین بە نوێنەرایەتی کردنمان بۆ یەکەم جار لە مێژودا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، بەشێوەیەکی فەرمی، لە لایەن خانمێکی قوربانیدەریی وەک بەڕێزتان. هەروەک چۆن ژنانی (پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەژە) بونە هێمای ئازایەتی و ژیاندۆستی و ئازادیی گەلەکەمان.
وێڕای سوپاسم بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی یەزدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان و عێراق بۆ بە فەرمی بانگێشت و داوەتکردنمان بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمی پێدانی پلەی باڵیۆزی نیازچاکی بە بەڕێزتان، زۆر بە داخەوەم کە بە هۆی بارودۆخی ئێستای هەرێم و وادەی پێشوەختەوە، نەمتوانی لە مەراسیمەکەدا بەشدار بم.
دڵنیام بە هەوڵ و کۆششی بێوچانت هەر وەک دو ساڵی ڕابردو، دەبیتە باشترین نوێنەری هەمو قوربانیانی دەستی تیرۆر و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە هەر جێیەکی جیهان بە تایبەت.
بە هیوای سەرکەوتنتان و هەمیشە سەرفرازبن.

د. یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٦/ ٩/ ٢٠١٦



AM:10:35:16/09/2016