بارزانی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە بڕیاریدا

سکرتێری یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند نوسینگەی بارزانی پێی ڕاگەیاندووین پاشەکەوتی مووچەکانیان دەستکاری دەکرێت و وەزارەتی داراییش بڕیاریدا پاشەکەوتی مووچەی کارمەندانی فڕۆکەخانەکان کەمبکاتەوە.
بەرھەم مستەفا ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە SNNی ڕاگەیاندووە "بەر لەھەر ھەنگاوێک کە لەلایەن رێکخراوی یەکێـتی مامۆستایانی کوردستانەوە بنرێت مامۆستایان خۆرکسانە گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و بەرنامەی ئێمەش ئەوەیە دوای جەژنی قوربان ھەنگاوی یەکەم لە ھەر ١٢ لقەکەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا گردبونەوە ئەنجامبدرێت، بەڵام  مامۆستایان خۆرکسانە ھەڵویستی خۆیان رادەگەیەنن".
هەروەها ڕاشیگەیاندووە "ئەگەر مامۆستایان لەلیستی پاشکەوتی موچە دەرنەھێنرێت ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن پەکی دەکەوێت، ھەروەھا لەسەر ئاستی کەسی لەلایەن چەند ئەندامێکی یەکێتی مامۆستایانەوە پەیوەندیی بە نوسینگەکەی مەسعود بارزانیەوە کراوە، تابزانرێت بەدواداچوون کراوە لەبارەی بەلێنەکەی بارزانی بۆ مامۆستایان، وەڵامەکەش ئەوەیە کە مامۆستایان پەلە نەکەن لە ھەر ھەنگاوێکی مەدەنیانەیان و لەلایەن  مەسعود بارزانییەوە کار بۆ باشکردنی گوزەرانی مامۆستایان دەکرێت و  پاشەکەوتی موچەکانیان دەستکاریی دەکرێت".
ئەمەش لە کاتێکدا دێت وەزارەتی دارایی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی فرۆکەخانەکانی کەمکردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئومێد محەمەد ڕایگەیاندووە وەزارەتی دارایی لەسەر داوای ئەوان بڕیاریداوە پاشەکەوتی مووچەی کارمەندانی فڕکەخانەکان کەمبکرێتەوە.
هاوکات ماڵپەڕی دواڕۆژ بڵاویکردووەتەوە "دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەردوو فرۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی بە رێژەی %15 بۆ 30% بە گوێرەی پلەو مەرتەی هەر فەرمانبەرێك".
ئەو ماڵپەڕە بڵاویشی کردووەتەوە "بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی لەگەڵ پێدانی موچەی مانگی ئابەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و فەرمانبەرانی هەردوو فرۆكەخانە جگە لە وەرگرتنی موچە بە سیستەمی نوێ لە مانگی ئاب، پاشەكەوتی موچەی مانگی حوزەیران و تەموزیشیان بۆ دەگەڕێتەوە لە بەرئەوەی رەزامەندیەكەی دارایی باس لە گۆڕانكاری موچەی هەردوو فرۆكەخانە دەكات لە مانگی حوزەیرانەوە"..



AM:10:07:18/09/2016