چلەی رۆژنامەنووس وەدات حسێن لە سلێمانی بەڕێوەچوو

هەرچەندە لە دهۆک تیرۆکرا، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی چلەی ماتەمینی وەدات حسێن لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
 
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی ئەیلول، چلەی ماتەمینی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو، وەدات حسێن بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵەی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو و چەندان رۆژنامەنووس و رۆشنبیر و چەندین ئەندام پەرلەمان و نوێنەرانی حزب و رێکخراوە مەدەنییەکان بەڕێوەچوو.

  دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و رۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو، کەمال حەمەرەزا لە کۆمپانیای چەتر و دواتر 
سەمەد حسێن، برای شەهید وەدات وتاری بنەماڵەی پێشکەش کرد و وتی "بە بەرچاوی دەیان کەسەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک و بە بەرچاوی چەندین کامێرای چاودێریەوە دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کە ژمارەیان حەوت کەس بووە وەدات دەڕفێنن و دواتر بە شێوازیکی زۆر وەحشیانە تیرۆری دەکەن، شەهید وەدات تاکە رۆژنامەنوسی ئاژانسی رۆژنیوز بوو لە شاری دهۆک".
دوای ئەوە، سینەفزیۆنێک لەبارەی ژیانی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو، وەدات حسێن پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشک خرابوە سەر وردەکارییەکانی ژیانی ئەو رۆژنامەنووسە شەهید.
 
دوای ئەو، شنا فایەق، سەرنووسەری ئاژانسی رۆژنیوز، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:"هەڵوێستی وەدات لەبەرانبەر دەسەڵاتداران، بە تیرۆری وەدات دەیانەوێت دەنگە ئازادەکان بترسێنن، بەڵام مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کەس ناتوانێت قەڵەمە ئازادەکان بێدەنگ بکات، ٤٠ رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆری وەدات، بەڵام هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە بۆ کەیسی ئەو شەهیدە.
لە بەشێکی تری قسەکانی، سەرنووسەری ئاژانسی رۆژنیوز، ئەوەشی وت:"ئێمە وەکو ئاژانسی رۆژنیوز، ئاسایشی دهۆک بەربپرسیار دەزانین لە بەرانبەر تیرۆرکردنی پەیامنێرەکەمان".
 وەدات حسێن رۆژنامەنووسی رۆژنامەی ئاژانسی رۆژنیوز پێش چل رۆژ لە نێو شاری دهۆک رفێنراو پاش دوو کاتژمیر تەرمەکەی دۆزرایەوە کە جێگای ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری پێوەیە، لەسەر ئەم تاوانە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی دهۆک کەسیان دەستگیرنەکردووە. 



PM:11:15:22/09/2016