شاندێکی باڵای سەربازیی و دیپلۆماسی ئەمەریکی لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە

ئەمڕۆ هەینی 23/9 فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بە ‌سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازیی و دیپلۆماسی گەیشتە ھەولێر و لە پیرمام لەگەڵ بارزانی لەکۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵێکی سایتی سەرۆکایەتی هەرێم " بە وردی باسی قۆناغی دوای ئازادکردنی موسڵ و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە کراوە جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێ هاوشان لەگەڵ ڕێککەوتن و پلانی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی  موسڵ، ڕێککەوتنی سیاسی هەبێت تا سەقامگیری و ئاساییش لەو ناوچانە بەرقەرار بێت".

هەر بەپێی زانیارییەکانی سایتەکە " لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێم ئامادە بوون و ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی خراوەتە بەرباس".

لە بەشێکی دیکەی کۆبووەنەوەکەدا باس لە ڕەوشی سوریا کراوە و توندوتیژییەکان و ڕەوشی کوردانی ڕۆژئاوا گفتوگۆی کراوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا جەنەڕاڵ جوزێف ڤۆتێڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گرووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر لەگەڵ شاندێکی سەربازی هەرێم بەشداربوون.




PM:03:27:23/09/2016