لیژنەی ئەمنی سلێمانی: هیچ توندوتیژییەك بەرامبەر بەخۆپیشاندەران ناكرێت

قایمقامی سلێمانی رایگەیاند خۆپپشاندانەكەی سلێمانی لەدوو شوێن دەبێت و ماوەی 2 سەعات دەخایەنێت و هێزە ئەمنیەكانیش لەحاڵەتی ئامادەباشیدان و هیچ توندوتیژییەكیش بەرامبەر خەڵك ناكرێت.

بەختیار عەبدولڕەحمان قایمقامی سلێمانی لەبارەیەی ئەو خۆپیشاندانەی  بڕیارە سبەینێ 27ی ئەیلول لەسلێمانی بەڕێوەبچێت، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لیژنەی ئەمنی سلێمانی كۆبوونەوەی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەكەوە ئەنجامداوەو بڕیاردرا تەنیا لە دوو شوێنی سلێمانی، كە ئەوانیش بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لەشەقامی سالم و بەردەم بیانی پارێزگای سلێمانی تا پردی قلیاسان بەڕێوەبچێت و ماوەكەشی لەسەعات 9 بۆ 11ی پێشنیوەڕۆ دەخایەنێت.

وتیشی: هێزە ئەمنیەكان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ پاراستنی خۆپیشاندانەكەو پاراستنی هێمنی ناوشارو سەرو ماڵی هاووڵاتیان، ئاماژەی بەوەشدا وەك لایەنی ئیداری لەسلێمانی بەهیچ جۆرێك بەشداری خۆپیشاندان ناكەین، بەڵكو چاودێر دەبین بەسەر بارودۆخی ئەمنی شارەكەو سەلامەتی خۆپیشاندەران.

قایمقامی سلێمانی راشیگەیاند: هێزەكانمان لەگەڵ توندوتیژی نین و رێگەش بەتوندوتیژی نادەین، هەر كەسێكیش سبەینێ بایكۆتی دەوام بكات هیچ رێوشوێنێكی ئیداری لەگەڵ ناكرێت، چونكە دەزانین بارودۆخ و گوزەرانی فەرمانبەران لەئاستێكی خراپدایە.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا، بەختیار عەبدولڕەحمان وتی: پەیامەكانی خۆپیشاندەران لەڕێی پارێزگاری سلێمانیەوە دەگەیەنرێتە حكومەت، جگە لەوەش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم داواكاری خۆپیشاندەران دەباتە كۆبوونەوەی رۆژی 5 شەممەی حكومەتی هەرێم و چاوەڕێی وەڵامی حكومەت دەكەین.



PM:05:08:26/09/2016