"ناوەندی بڕیار" لەسەر كۆبوونەوەكەی گۆڕان‌و باڵی هێرۆ ئیبراهیم هاتە دەنگ

"ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی كە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵحەوە سەرپەرشتی دەكرێت لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ گۆڕان‌و باڵی هێرۆ ئیبراهیم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە هاتووە: "  ئەمرۆ وەفدێكی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كردوە ولەگەڵ بەڕێز هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وچەند هەڤالێكی تری مەكتەبی سیاسی كۆبوونەتەوە".

   هەروەها هاتوە "بە پێویستی دەزانین ئێمە لەناوەندی بڕیاری یەكێتی ڕوونی بكەینەوە هەرباس وبڕیارێك لەو كۆبوونەوەیەدا درابێت، بڕیاری گشتگیری یەكێتی نیە".

   وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی لە راگەیەنراوەكدا هەروەها دەڵێت "لە ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا پابەندبوونی خۆمان بەڕێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان وبزووتنەوەی گۆڕان دووپاتكردۆتەوە، لێرەشەوە جەخت لە پێویستی ئەو ڕێككەوتنامەیە دەكەینەوە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی بژێوی كێشەی خەڵك وڕێكخستنەوەی ماڵی كوردو سارێژكردنی برینی ناكۆكیەكانی نێوان هەڤاڵ وهاوسەنگەرەكانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان".

پێشنیوەرۆی ئەمرۆ 2/10، دوو وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان‌و "باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی" یەكێتی كە هێرۆ ئیبراهیم سەرپەرشتی دەكات لە سلێمانی كۆبوونەوە. (زیاتر بخوێنەرەوە)


PM:03:04:02/10/2016