هەواڵێکی خۆش بۆ مامۆستایان

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند" لیستی مووچەی مامۆستایانی هەرێمیان رەوانەی حکومەتی ناوەندی کردووە تا مووچەی مامۆستایان بدرێت".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەیدا د. پشتیوان سادق وەزیری پەرورەدە رایگەیاند" وەزارەتی پەروەردە ژمارەی مامۆستاو لیستی مووچەی مامۆستایانیان رەوانەی بەغدا کردووە تا حکومەتی ناوەندی مووچە بنێرێت".

وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد لە سەردانەکەی بارزانیدا بۆ بەغدا ئەو داوایەی لە عەبادی کردووە حکومەتی ناوەندی مووچەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بدات.

د. پشتیوان سادق ئاشکرای نەکرد کە بڕی ئەو پارەیەی حکومەتی بەغدا دەینێرێت چەندەو چەند مانگ پارە دەنێرێت.

مووچەی مانگانەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی حکومەتی هەرێم مانگانە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارەو کە ژمارەیان نزیکەی ١٣٠ هەزار مووچەخۆرە.  

مامۆستایانی نارازی لە سلێمانی و کەرکوک ئەمڕۆ ماوەیەکیان دانا بۆ وەزارەتی پەروەردە تا سیستەمی پاشکەوتی مووچە هەڵوەشێنێتەوە، ئەگەر وەلآمیان نەبێت، ئەوا پەنا دەبەنە بەر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان.


PM:11:31:09/10/2016