ئەمریکا لەبارەی بودجەوە پڕۆژەیەکی نوێی بۆ هەرێم و بەغدا هەیە

ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجەی هەرێم پڕۆژەیەکی نوێی لەلای هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و مەسعود بەرزانی خستووەتە ڕوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی ڕاگەیاند "ئەمەریکا لە ڕێگەی برێت مەکگۆرک، نوێنەری ئۆباما بۆ شەڕی دژی داعش و باڵوێزی وڵاتەکەی لە بەغداد بە بارزانی ڕاگەیاندووە، تێکڕای نەوتی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت ئەو کۆمپانیایە کە تاکە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراقە، نەوتەکەی هەرێم بفرۆشێت، پارەی ئەو نەوتە بەغدا بیداتەوە بە هەرێم".

سەرچاوە ئاگادارەکە وتیشی "بەرامبەر ئەم کارە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستووری عێراقەوە کە داهاتەکانی خاڵەسنوورییەکان و گومرگ و ئەو داهاتانەی کە لە دەستووردا هاتووە کە بگەڕێنرێتەوە بۆ ناوەند، بدرێتەوە بە بەغدا".

ئەگەر هەردوولا ڕەزامەندی نیشانبدەن لەسەر ئەم پڕۆژەیە لە مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەم حکومەتی بەغدا داهاتی تەواوی نەوتی هەرێم، ڕادەستی هەولێر دەکات، بەڵام دەبێت هەرێم خۆی بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە ئاب و ئەیلول و تشرینی یەکەم دەبێت خۆی بیدات.

سەرچاوەکەی سپی پێی وایە جۆرە ڕێککەوتنێکی وا نەیاری گەورەی لەناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ دروست دەبێت بەو پێیەی نوری مالکی کە سەرۆکی دەوڵەتی یاسایە و لیستەکەی لەناو پەرلەماندا دژی ئەم ڕێککەوتنە دەوەستێتەوە.



PM:07:56:11/10/2016