نزیکەی هەزار رۆژنامەنووسی یەکێتی مووچەی حەوت مانگیان وەرنەگرتووە

نزیکەی هەزار رۆژنامەنووسی میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مووچەی حەوت مانگیان وەرنەگرتووە، بەڵام ژمارەیەک رۆژنامەنووسی میدیاکانی هەمان حیزب مانگانە مووچە وەردەگرن.

کادیرێکی پێشکەوتووی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی ڕاگەیاند" هەموو ئەو میدیایانەی کە لەژێر سەرپەرشتی مەکتەبی  راگەیاندنی ناوەندی یەکێتیدان کە نزیکەی هەزار رۆژنامەنووس کاری تێدا دەکات، مووچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە".

ئەو کادیرە پێشکەوتووە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە سپی راگەیاند" رۆژنامەنووسانی ٣ کەناڵی ئاسمانی و ١٦ رادیۆ و ١١ تەلەفزیۆنی لۆکاڵ و ماڵپەڕی ناوەندی یەکێتی و کوردستانی نوێ و ژمارەیەکی میدیای تری ئەو حیزبە کە لەژێر سەرپەرشتی مەکتەبی ناوەندی راگەیاندندان مووچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە، دوا مووچەشیان کە مووچەی مانگی حوزەیران بووە لە مانگی ئابدا وەرگیراوەو لەو دەمەشەوە هیچ مووچەیەکی تریان پێ نەدراوە واتە سێ مانگی تریشە ٢٠١٦ یان وەرنەگرتووە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی مووچەی ئەو رۆژنامەنووسانەی سەر بە راگەیاندنی ناوەندین، کە مووچە وەردەگرن، مووچەی تەواو وەردەگرن و هیچی لێ پاشەکەوت ناکرێت.

لەلایەکی ترەوە مانگانە هەردوو کەناڵی کوردسات و رادیۆی کوردسات و ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن، هەندێکجار مووچەکەیان بۆ دە رۆژ دواکەوێت.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، رۆژنامەنووسانی ئەم میدیانەی یەکێتی مانگانە ١٠% مووچەکەیان لێدەبڕدرێت، بەڵام مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن.  
 



PM:06:29:24/10/2016