شەشەمین كۆنگرەی حیزبی شیوعی كوردستان بەردەوامە

ئەمرۆ هەینی دووەم رۆژی كۆنگرەی شەشەمی حزبی شیوعی كوردستان لەژێر ناونیشانی (لەپێناو پتەوكردنی ریزەكانی حزب و داكۆكیكردن له ماف و بژێوی خەلك و یەكریزی نیشتمانی و مافی چارەنووسدا تیدەكوشین) بەردەوامە.

رۆژی پێنج شەممە 27ی تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری كەسایەتی دووسەد ئەندام لەشاری هەولێر شەشەمی كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان دەستی بەكارەكانی كردو سێ رۆژ دەخایەنێت.

لەدەسپێكی كۆنگرەكەدا، كەمال شاكر سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، وتاری خۆی پێشكەش كردو تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، كە كۆنگرەی شەش لەكاتێكدا بەڕیوەدەچێت كە گۆڕانكاری بەسەر ژیانی خەڵكدا هاتووەو دووچاری قەیرانەكانی سیاسی و ئابووری و دارایی بووینەتەوەو شەڕی تیرۆریش بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، هەروها وتیشی، تیرۆر سیاسەتە و بەتنها بەچەك چارەسەر ناكرێت.

دواتریش عەزیز محەمەد كەسایەتی نیشتمانی و سكرتیری پێشووی حزبی شیوعی عێراق لەوتارێكدا داوا لە هاوڕێیانی شیوعی دابڕاو كرد، ئاوڕێك لەخۆیان و حزبەكەیان بدەنەوە.
ئاماژەی بەرۆڵی شیوعییەكان داو وتی، دەستپێشخەر بووین لەبەرزڕاگرتنی ئاڵای داكۆكی كردن لەسەربەخۆیی عێراق و مافی كوردو كوردستان و مافەكانی مرۆڤ.



PM:12:05:28/10/2016