بەهۆی عەبدوللـەتیف و چاوانەوە بڕیارێک درا

ئەو لیژنەیەی بۆ کەیسی هاوسەرگیری عەبدوللـەتیف سەلەفی و هاوسەرە نوێکەی پێکهێنرابوو بڕیاریدا کە پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان دابخات.
جەمال كەمال حوسێن، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون لە کەیسەکە بە دواڕۆژی ڕاگەیاندووە"لیژنەی بەدواداچوون لە كەیسی هاوسەرگیری چەند بڕیارێكی دژ بە مەلا عەبدولـلەتیف سەلەفی و راگری پەیمانگاكەو پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكە دەركردووە، بڕیارەكانیش لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە پەسەند كراون".

هەروەها جەمال كەمال حوسێن ڕاشیگەیاندووە "بڕیاردراوە راگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان دووربخرێتەوە، هەروەها مەلا عەبدولـلەتیف سەلەفی بگوزارێتەوە لە پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكانی سلێمانی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، سێیەم بڕیاریش تایبەتە بە پەیمانگاكەو بڕیاردرا پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكانی سلێمانی دابخرێت".

ناوبراو دەڵێت  "خوێندكارانی پەیمانگاكە بۆ كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی سلێمانی دەگوزارێنەوە و بێسەروبەری هەبوو لە پەیمانگاكەو نەتواندراوە ئیداریەكی باش بكرێت".

سەرۆکی ئەو لیژنەی بەدواداچوونە دەشڵێت  "هەڵەو كەموكوڕی لە كەیسی هاوسەرگیری عەبدولـلەتیف سەلەفی و چاوانی هاوسەری هەبووەو لە بەشێك لەو كەیسەدا ئیستغلالكردن هەبووە، كۆی ئەو بڕیارانەی دراون لە ئەنجامی كەیسی هاوسەرگیری عەبدولـلەتیف سەلەفی هاتوونەتە ئاراوە".



PM:05:54:29/10/2016