هەدەپە بۆ ئاکەپە:
خراپترین کاریشمان بەرامبەر بکەن، سەرشۆڕ ناکەین

هەدەپە بەرامبەر ئەو هەموو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر بەرپرسان و میدیاکارانی کوردو خەڵکی ئازادخوازی تورکیا،  دەڵێت" خراپترین کاریشمان بەرامبەر بکەن، سەر شۆڕناکەین". 

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی هەدەپە سەبارەت بە دەستگیرکردن و دەرکردنی بەرپرسان و کرێکاران و کارمەندان و داخستنی راگەیاندنی ئازاد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە" ئەو سزایانەی دەرهەق بە جێگری هاوسەرۆکی ئێمە و راوێژکاری نوێنەری فراکسیۆنی ئێمە لە پەرلەمان یەک لەو ١٠ هەزار و ١٥٩ مامۆستا و کرێکار و ئەکادمیسیەن و کارمەندانەیە کە لەکار دەرکراون".

راگەیەندراوەکە باسی لەمەش کردوە، کە جارێکی دیکە پێش ئەوەی دادگا هیچ بڕیارێک بدات ئازادی راگەیاندن پێشێل کراوە، میدیای کوردی، رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و ئاژانس و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکان داخراون، دەست بەسەر ناوەندەکانیاندا گیراوە، ئەوان بەم کارانە هەوڵدەدەن دەنگی گەلی کورد کپ بکەن.
 
هەدەپە راشیگەیاندوە، کە لە دۆخی نائاساییدا هیچ مافێک بۆ ئازادی ناپارێزرێت و رۆژانە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن.
 
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "جارێکی دیکە بە دەسەڵاتداری ئاکەپە رادەگەیەنین، کە ئێمە سەرمان دانانەوێنین تەنانەت ئەگەر خرابترین کارەکانیش بەرامبەرمان بکەن، نە گەلی کورد، نە بزووتنەوەی سیاسی و نە هیچ کامە لە هێزە ئاشتی و دیموکراسیخوازەکان سەر لەبەرامبەر ئەم کردارانەدا دانانەوێنن".



AM:11:39:31/10/2016