عەلی باپیر: بارزانی‌ سه‌رۆكێكی‌ یاسایی نییه‌

كۆمەڵ و بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ لیژنەیەكی‌ هاوبەشیان پێكهێنا و جەختیان لەسەر هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌ كردەوە.

پێكهێنانی‌ ئەو لیژنە دوو قۆڵییە لەمیانەی‌ كۆبونەوەیەكدا هات كە ئەمڕۆ لەنێوان عەلی‌ باپیر ئەمیری‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ و عیرفان عەلی‌ عەبدولعەزیز رابەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ بەڕێوەچوو.

دوای‌ كۆبونەوەكەش عەلی‌ باپیر لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا وتی‌ "ئێمەو بزوتنەوە لەرووی‌ فیكرو پاشخانی‌ مێژوویەوە یەكبووین و بۆ یەكخستنی‌ تواناكان لیژنەیەكی‌ دوو قۆڵیمان پێكهێناوە بۆئەوەی‌ ئیسلامییەكان ببنە رەقەمێكی‌ قورستر و كاربكەین بۆ راستكردنەوەی‌ باری‌ لاری‌ هەرێم".

وتیشی‌ "لە وتوێژداین لەبارەی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌ كە تەوژمی‌ ئیسلامی‌ زیاتر یەك بخەین"، ئاماژەی‌ بەوەدا كە  یەكگرتنی‌ دوو یان سێ لایەن كارێكی‌ هێندە ئاسان نییەو دەبێت كاری‌ فكری‌ لەسەر بكرێت.

لەلایەن خۆیەوە عیرفان عەلی‌ عەبدولعەزیز رابەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ وتی‌ "لیژنەی‌ هاوبەشمان داناوە بۆ ئەوەی‌ هەر تیڕوانینێكی‌ جیاواز هەبێت لێك نزیكی‌ بكاتەوە، هەنگاوی‌ باش دەنرێت لە ئایندەداو تائێستاش هەنگاوی‌ باش نراوە بۆ یەكخستنی‌ كاری‌ ئیسلامی‌ و بەرەی‌ ئیسلامی‌".

لەبەشێكی‌ دیكەی‌ كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەداو لەبارەی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانەوە عەلی‌ باپیر رایگەیاند "بۆ پارتی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان وەك ئاو خواردنەوە وایە كێ پەرلەمانی‌ پەكخستووەو رێگری‌ لەسەرۆكی‌ پەرلەمان كردووە با ئەو كارای‌ بكاتەوە".

 ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ڕاشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ربێت، ئه‌وا مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكێكی‌ یاسایی نییه‌.

وتیشی‌: چیتر هاوڵاتییان به‌رگه‌ی‌ ئه‌م دۆخه‌ ناگرن و پێویسته‌ هه‌رچی‌ زووتره‌ قه‌یرانه‌كان كۆتاییان پێ‌ بهێنرێت.

 ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی‌ زوتره‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان كارا بكرێته‌وه‌.



PM:03:48:01/11/2016