مەلا بەختیار: ١٨% پاڵاوگەی بازیان پشکی گۆڕانە

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، مەلا بەختیار ئاشکرای کرد "لە ١٨% پاڵاوگەی نەوتی بازیان پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و شەریکە لەو کۆمپانیایە".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی NRT مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئەمشەو سازکرا، وتی " من بە ( بارزانی )م نەوتووە سەرۆک، بەڵام بە حوکمی ئەمری واقیع سەرۆکی هەرێمە".

ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا وتی" من وەک مەلا بەختیار خاوەنی هیچ کۆمپانیایەک نیم و مۆڵەتم بۆ هیچ پرۆژەیەک وەرنەگرتووە".
سەبارەت بە ناوزەدکردنی پەرلەمانتاران بە " قاز "، مەلا بەختیار جەخت لەسەر ئەوە کردەوەو وتی" پەرلەمانتاران، پەرلەمانتارانی حیزبن، دەبێت کادیری حیزبەکەیان بن و سیاسەتی حیزبەکەیان پەیڕەو بکەن".

سەبارەت بە کێشەی نێوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ناوبراو وتی " ئەو کێشەیە فیکری تیا نییە، ئێستا پەیوەندیەکان کەمێک هێوربوونەتەوەو پەیوەندیەکان ئاسایی بوونەتەوە، بەڵام زامنی ئەوە ناکەم کە بڵێم کێشەکان چارەسەر کراون". 

هەفتەی رابردوو لەسەر ئەو قسانەی مەلا بەختیار کردبوونی لەسەر پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان، گۆڕان وەڵامێکی توندی دایەوە.



PM:08:26:04/11/2016