نێچیرڤان بارزانی‌و مەلا بەختیارو قوباد تاڵەبانی بە نهێنی کۆدەبنەوە

جێگری سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە نهێنی لە هەولێر کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" رۆژی ١١/٦ لە هەولێر ئەو کۆبوونەوەیە سازکراوەو ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان مەسعود بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی و بارودۆخی سیاسی و باری دارایی یەکێتی و پرسی مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی بووە".

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بنەماڵەی تاڵەبانی، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە خاڵێکی جەوهەری کۆبوونەوەکەبووە، بەرپرسانی یەکێتی داوایان لە نێچیرڤان بارزانی کردووە کە هەوڵبدات پەیوەندی نێوان مەسعود بارزانی و هێرۆ ئیبراهیم و کەسانی تری بنەماڵەی تاڵەبانی چاک بکاتەوە.

سەرچاوەکەی سپی، ئەوەی ئاشکرا کرد مەلابەختیار بە ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەکی سیاسیە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی هەرێم، یەکێتی ئەو پرۆژەیە سەرەتا دەخاتە بەردەم پارتی و دواتر گۆڕان، ئەگەر گۆڕان وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی نەبوو، ئەوا ئەو دەمە با ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

دەربارەی کێشەی بایکۆتکردنی مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی و هەڵبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوو بەرپرسەکەی یەکێتی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هەوڵدەدەن مامۆستایانی ئەو دەڤەرە بایکۆتکردنی بشکێنن.
سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە خاڵێکی تری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە داواکردنی پارە بووە لە سەرۆکی حکومەت بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
تا کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە رێگای وەزارەتی داراییەوە هەر دوو حیزبی حکومڕان، پارتی و یەکێتی مانگانە هەریەکەیان پێنج ملیۆن دۆلاریان لە بودجەی هەرێم بردووە بۆ حیزبەکانیان، بەڵام لەدوای بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینە نوێکەی نێچیرڤان بارزانی و وەرگرتنی وەزارەتی دارایی لەلایەن گۆڕانەوە، ئەو پارەیە لەو وەزارەتەوە بۆ هەردوو حیزب بڕدرا، هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە کەناڵی ترەوە هەردوو حیزب مانگانە بڕی ٣ ملیۆن و دواتر دوو ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە ئەو پارەیە لە یەکێتی بڕدراوەو لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی یەکێتی داوای ئەو بڕە پارەیەشیان کردووە.
 



PM:11:35:08/11/2016